مامۆستایەكی ئاینی: حكومەت پێویستە ئەو پەرلەمانتارە بداتە دادگا و لێی بێدەنگ نەبێت
خواكوڕك
تادێت قەبارەی ناڕەزایەتیەكان بەرامبەر لێدوانی ئەندامێكی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق زیاتر دەبێت ئەمەش دوای ئەوەهات كە ئەو ئەندام پەرلەمانە لە میانەی بەرنامەیەكی كەناڵی (دیجلە) سوكایەتی بە كەسو كاری شەهیدانی پێشمەرگەوە كرد, ئەمەش ناڕەزایەتی چینو توێژەكانی كۆمەڵگای لێكەوتەوە, لە وتاری ئەمڕۆ ھەینیدا، مامۆستایەكی ئایین كە هاوكات كوڕی پێشمەرگەیە، سوكایەتیكردنەكەی نوێنەرەكەی بزووتنەوەی گۆڕانی لە بەغدا هێنایە بەر باس و داوای كرد حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دادگایی بكات.
(مامۆستا عەممار) وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی بەردەڕەش، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاندووە ”ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا خوێنی خۆی دەبەخشێ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە شەرەف و ناموسی ئێمە بكات، كەچی پەرلەمانتارێك كە خۆی بە نوێنەری خەڵكی كوردستان دەزانێت لە بەغدا، لەجیاتی ئەوەی بەرگری لە مافی گەلی كورد بكات و ھەوڵ بدات بەغدا مووچەی بڕدراوی فەرمانبەران و پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێنێتەوە، سوكایەتیی بەھێزی پێشمەرگە و ژنانی شەھیدان دەكات، جا ئەم جۆرە كەسانە بە ھیچ جۆرێك ناكرێت لێیان قبووڵ بكرێت.”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا ئەم مامۆستایە دەڵێت ” بەو پێیەیی حكومەت نوێنەری خەلكە پێویستە ئەو پەرلەمانتارە بداتە دادگا و لێی بێدەنگ نەبێت، چونكە بەھیچ شێوەیەك ناكرێت ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی بەسەردا تێپەڕ ببێت. نابێ لێدوان و حاڵەتی سوكایەتیكردن دووبارە ببێتەوە.”
لە كۆتای چاوپێكەوتنەكەی مامۆستا عەممار گوتویەتی:” ”باوكم 30ساڵە پێشمەرگەیە و قبووڵ ناكەم ئەم سوكایەتییە بەئێمە بكرێت، پێویستە حكوومەت بەرانبەر بە ئەم سوكایەتیكردنە بە پێشمەرگە و خێزانەكانیان كە پارێزەری وڵات و دەستكەوتەكان بێدەنگ نەبێت.”
دەشڵێت:” ژنانی كورد و پێشمەرگە ھەمیشە شەرەفمەندانە ژیاون و ھیچ كات ئەو كارەیان قبووڵ نەكردووە، ئاماژەیشی دا.