کورد و ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو کوێ؟

عەبدەلڕەزاق عەلی

 

ڕاستە پەیەدە، ھەر لەسەرەتاوە، ئامادنەبوو ڕێککەوتن لەگەڵ ھیچ ھێزێکی دیکەی کوردی لە ڕۆژئاوا بکات، ئیعتیرافیشی بە کەس نەکرد، پشتی کردە ڕێککەوتنەکانی ھەولێری یەک و دوو، دھۆک، بەڵام ئەوەش ڕاستییەکی بەرچاوە کە ئەمەریکا بەرپرسیاری یەکەمی ئەو ملنەدانەی پەیەدە و گەیاندنی گەلی کورد و ڕۆژئاوایە بەمڕۆژە و كار گەییشتوۆتە ئەوەی ڕژۆانە ترامپ بە تویتەكانی گاڵتە بە كورد بكات.
دوای ئەوەی ئەمەریكییەكان چەك و یارمەتییان دا بە پەیەدە، پەیەدە مەغروور و بێمنەت بوو و ئیدی بۆیان ڕەخسا بە تەواوەتی لایەنە كوردییەكان پەراوێز بخەن و بگرە زەبروزەنگ و کوشتن و ڕفاندن و دەرکردنی خەڵکەکە بە ئاشکرا و بێمنەتانە زیادی کرد.
ھەر پشتیوانی ئەمریکا وای لە سەرانی پەیەدە کرد، بە دنەدان و لە بەرژەوەندی پەکەکە، ئیستیفزازی تورکیا زیاتر بکەن، تا گەیاندیانە ئەوەی سوپای تورکیا پەلاماری گەل و خاکی ڕۆژئاوای بدات، بگرە ھێزە مورتەزەقە توندڕەوەکانیش بەربداتە گیان و ماڵوموڵکی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا، پارساڵ لە عەفرین، ئێستاش لە تەواوی ڕۆژئاوا، خەڵک و خاکی ڕۆژئاوا، بوونە قوربانی بێمروەتی ئەمریکا و نامەسئوولییەتی سەرانی پەکەکە تا لەو عوزلە نێودەوڵەتییەی تێیدا دەژین قوتاریان بێت..
ئێستا گەلی کورد لە سووریا خراوەتە بەر دووانەیەکی یەک لە یەک تاڵتر و چارەنووسی نادیار: یان پەلاماری تورکیا و گرووپە مورتەزەقە توندڕەوەکان، یان گەڕانەوە بۆ بندەستی ڕژێمی بەعس لە سوریا، دەبێ بپرسین: بە ڕاست خوێنی ١١ ھەزار گەنجی کورد و ٢٤ ھەزار بریندار و ئاوارەبوونی سەتان ھەزار کوردی سوریا، لە پێناوی چیدا بوو؟ دەبێ لە پەیەدە بپرسین بۆچی نەتانتوانی لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێك ڕێك بكەون؟ نە لەگەڵ حكوومەتی سووریا ڕێككەوتنتان كرد نە لەگەڵ لایەنە كوردییەكان نە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و نە لەگەڵ ئەمەریكاش هیچ ڕێككەوتنێكی سیاسیتان بۆ داهاتووی گەلی كورد لە سووریا ئەنجام نەدا. تاكە شتێك كە كردتان ئەوە بوو كە كوردستانی سووریا بكەن قوربانیی ئەجێندای پەكەكە، ئەوەی هیچ ئەهەمییەتێكی بۆ ئێوە نەبوو چارەنووسی گەلی کورد و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ژیان و حاڵی خەڵك بوو.

Back to top button