شازدەی ئۆكتۆبەر!
ڕێبوار سیوەیلی
- بە پێچەوانەوەی ئەوانەی دەیانەوێت لەسەر ڕیفراندۆم چاوترسێن و ڕووشكێنمان بكەن، شازدەی ئۆكتۆبەر جیاوازیی نەبوو لە نێوان ئەوانەی كوردستانیان پاراست و ڕیفراندۆمیان شكست پێهێنا. بەڵكە جیاوازییە لە نێوان ئەوانەی بە شانازییەوە باسی ڕیفراندۆم دەكەن و ئەوانەی بە چاوشۆڕییەوە باس لە شازدەی ئۆكتۆبەر دەكەن و دەیانەوێت بەوە چاوترسێنمان بكەن، كە ڕیفراندۆمچییەكان دەستخەڕۆی مەسعوودبارزانی ببوون و ببوونە كۆیلە و مەسینەهەڵگر..
- شازدەی ئۆكتۆبەر جیاوازییەكی قووڵی لە نێوان هزری فاشیستیانە و بە دەروونیكردنی گوتاری دووژمن و هزری نەتەوەیی سەربەخۆییخوازیی خستەڕوو. نیشتیمانی بۆ ڕیفراندۆمچی و كۆیلە و مەسینەهەڵگرەكان فراوانتر كرد لەوەی تەنیا لە چوارچێوەی هەرێمدا بیر لە كوردبوونی خۆیان بكەنەوە و نیشتیمانیشی لە وانە تەسكتر كردەوە كە تەنانەت بتوانن لە چوارچێوەی شارێكیشدا بیر لە عێراقچێتی و بكەنەوە و بە پێكەنینەوە باسی كەركووك و دۆخە ئارامەكەی بكەن!.
- بەڵام هەر وەك چۆن شازدەی ئۆكتۆبەر دڵشكانێكی هەمیشەیی كوردبوون بوو لە خاكفرۆشان، ئاواش دڵخۆشبوونێكی نەمربوو بە كوردبوون وەك شوناس و چارەنووس. ئەوەی لە ڕیفراندۆمدا مایەی شاگەشكەیی كورد بوو لە ئاست سەبەخۆیی و ئازادیخوازییدا، لە شازدەی ئۆكتۆبەردا بە قەبارەیەكی زۆر زیاتر، بووە نەفرەتێكی پیرۆز لە ناپاكان. ئەمەش وایكرد بارزانی و كۆیلە و مەسینەهەڵگرەكانی لە وەڵامی مێژوو بۆ ئەوانە تێبگەن، كە هەرچەندە واقیع و ڕووداوەكان شتێكمان پێدەڵێن، كەچی داوەریی مێژوو دوایی شتێكیتر دەخاتە ڕوو. بۆ من ئەو شتە لە ئێستادا پتر لە هەر كاتێك ڕوونترە: بەرفراوانبوونی زیاتری نەفرەت لە ناپاكان و دەركەوتنی زیاتری ڕیفراندۆمچییەكان و كۆیلە و مەسینەهەڵگرەكانی بارزانی وەك سەربەخۆییخواز و ئازادیخواز.
- ئەوەی زۆر پەستم دەكات، ئەوەیە كە من بۆخۆم وەك ئەكادیمیی و نووسەرێك، لەو توێژەی خۆم زۆر بێزار و پەستم كە ڕەواجیان بە هزری فاشیانەی دژە ئازادیی و دژە سەرەبەخۆییخوازیی دا و بە سەدان گەنجیان بە پاساوی ڕقبوونەوە لە بارزانی، سارد كردنەوە لەوەی چێژی ئەو ساتەوەختە ببینێت كە مرۆڤ تیایدا وێنەیەك لەگەڵ ئازادیی دەگرێت. لەبەر ئەوە شازدەی ئۆكتۆبەر بە بڕوای من هەر تەنیا بەرهەمی نەگونجانی كات نەبوو بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، یان بەرهەمی كۆمەڵێك هەرزەی خاكفرۆش نەبوو، هێندەی ئەوەی بەرهەمی كۆمەڵێك هزرفرۆشی فاشی سیفەتیش بوو كە ڕۆڵیان هەبوو لە ئاراستەكردنی خەڵك بەرەو مانەوە لەناو جەبری مێژوودا.
- گرنگترین شت ئەوەیە، ڕیفراندۆمچییەكان لە دوای ئەو ڕووداوانەوە نیشتیمان و كێشەكەی خۆیان بەرینتر دەبینن لەوەی لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا تەماشای بكەن، كەچی نیشتیمان بۆ شازدەی ئۆكتۆبەرییەكان ئەوەندە بچووك بۆتەوەو بچووكتریش دەبێتەوە، كە ئیتر میژوو لەناو خۆیدا تووڕیان دەداتە دەرەوە. ئەوان ئیتر لەم نیشتیمانەدا تەنیا گۆڕێكیان پێدەبڕێت.