ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك: من سێ برام شەهیدە و دایکم لە زینداندا مرد، بەڵام فڕۆشتنی کەرکووک ئازاری زیاتری دام

 

دوای ئەوەی یەکێتی لە ۱٦ـی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ کەرکووکی ڕادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانکرد، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: فرۆشتنی کەرکووک یاری کردن بوو بە هەستی نەتەوەیی خەلکی کەرکووک.

جوان ئیحسان، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە پشكی یەكگرتووی لە بارەی خیانەتی۱٦ئۆکتۆبەر دەڵیت: “ئێستا ئاسەوارەکانی ۱٦ ئۆکتۆبەر دەردەکەون، کە خیانەتێکی گەورەو پەڵەیەكی ڕەشە لە مێژووی گەلی كورد و بەتایبەت كەركووكییەكان، ئەوەی لەو ڕۆژەدا بینرا خاكفرۆشتن و گاڵتەپێكردن بە هەستی نەتەوایەتی گەلی كورد و كەركووكییەكان بوو.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك گوتیشی: ” بەداخەوە کە ڕادەستکردنی کەرکووک تاوانێکی گەورەبوو دەبێت لێژنەی بەدواداچوونی ڕاستیەکان پێکبهێندرێت، بۆ ئەوەی ڕاستیی ڕووداوەكان بۆ خەڵك ڕوون ببایەتەوە، كە كێ لێی بەرپرسە، كێ تاوانبارە؟ چی لە بەرامبەر وەرگیرا؟، چونكە خەڵكی كەركووك باجی ڕووداوەكانیان دا”.

جوان ئیحسان باسی لەوەش کرد: “وەك كەركووكییەك سێ برام شەهیدە و لەسێدارە دراون، دایكم لە زیندانەكانی ڕژێمی بەعس مرد، خێزانەكەم ئاوارەی شارەكانی دیكە بوون، هەموو ئەو ئازارانەم لە ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبەر جارێكی دیكە پێچێژرا، ئازاری خاكفرۆشتن زۆر قورستر بوو، تەمەنام دەكرد ١٦ی ئۆكتۆبەرم نەدیبایە، چونكە هەموو ئازارەكانی پیشان دامەوە”.

Back to top button