لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوو كردەی تیرۆرستی گەورە پایتەختی ڕۆشنبیریان هەژاند
ئێوارەی 15ی ئۆكتۆبەری 2019 لەسەر چیای ئەزمەڕ لە سلێمانی تەقینەوەیەك ڕوویدا و بەهۆیەوە دوو كەس گیانیان لەدەستدا و یەكێكی دیكەش بریندار بوو”.
دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانیش لە بارەی ڕووداوەكەوە ڕایانگەیاند: تەقینەوەكە پێدەچێت لە ڕێگەی بۆمبەوە بووبێت و ڕێگەشیان بە هیچ دەزگایەكی ئیعلامی نەدات بچێتە شوێنی ڕووداوەكەو ڕووماڵی بكات.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 16ی ئۆكتۆبەری 2019، ڕۆژێك دوای تێپەڕبوونی تەقینەوەكەی ئەزمەڕ، لە ناو جەرگەی شاری سلێمانی ئامانج بابانی پێشكەشكاری بەتوانای كەناڵی ئێن ئاڕتی و لانە محەمەدی هاوژینی كە هەردووكیان رۆژنامەنووس بوون، لەگەڵ منداڵەكەیان لە سلێمانی تیرۆركران.
ئەوەی جێگەی گومانە دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشكردنی ڕاستییەكانی پشت ڕووداوەكە ڕایانگەیاندووە ڕووداوەكە خۆكوژیی بووە.
بە پیی ڕووداوەكان دەردەكەوێت كە سلێمانی ئەمانەتی تێدا نەماوە و لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردووشدا دوو ڕووداوی گەورەی تیرۆری سلێمانی و كوردستانیان بە خۆیانەوە سەرقاڵكردووە و دەزگا ئەمنییەكانی شارەكەش خۆیان لە ڕاستی ڕووداوەكان دەدزنەوە و ناتوانن هۆكاری ڕاستەقینەی ڕووداوەكان بۆ هاوڵاتیانی شارەكە بە تایبەتی و بۆ خەڵكی كوردستان بە گشتی بخەنە ڕوو.