ئەردۆگان توركیا بەرەو كوێ دەبات
رێكان سەباح
دوای هاتنە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان روانگەی ئەم پارتی بۆ ئیدارەدانی توركیا و ستراتیژی توركیا لەناوچەكە لەسەر بنەمای (سفركێشە) هاتە ناو هاوكێشەكان، ئەحمەد داودئۆغلو كە نووسەری كتێبی عومقی ستراتیژی بوو، لە بەشێكی كتێبەكەی دا باس لەوە دەكات، كێشەی كورد لە توركیا ئەگەر چارەسەر نەكرێت بەردەوام دەرگایەكی كراوە بۆ توركیا كە تێیدا نائیستقراری ساز بكرێت، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەی ئەم دەرگایە لەرووی توركیادا دابخرێت، بە پشت بەستن بە بۆچوونی نوێی توركیا لە هاتنە دەسەڵاتی ئەكپارتی دا، گۆڕانكاری گەورە لە دۆزی كورد روویدا، بەڵام جارێكی تر ئەم گۆڕانكاریانە بە كوشتنی پۆلیس و بە كودەتای تەمووزی 2016 كۆتایی بەم دونیابینینەی ئەكپارتی هاتوو و تەسفیەی ناوەخۆی ئەكپارتی و گۆڕانكاری لە روئیایی ئەردۆگان یەكەم زەنگی مەترسیدار بوو. ئەمە لە ئاستی پرسی كورد بەڵام لە روئیایی ئەردۆگاندا دەوڵەتێك ئامادەیە كە پێش ئەوەی بۆ ناوچەكە مەترسیدار بێت، بۆ توركیا كارەساتێكی گەورەیە، ئەمەش لە ئێستادا بەتەواوی بەئاراستەی روئیای ئەردۆگاندا ئەو هەنگاوە دەنرێت.
ئەردۆگان زۆر زیرەكانە لە ئاستی پەیوەندیەكانی توركیا و ئەوروپا سودی وەرگرت بۆ تەسفیەی هێزە قوڵەكانی دەوڵەتی توركیا لەهەمانكاتدا تەسفیەی دەسەڵاتی رەهای سوپا ئەمەش بوو وای كرد ئەردۆگان رۆڵی پاڵپشت لە دەسەڵاتە سەربەخۆكانی توركیا بە ئاراستەی بەرژەوەندیەكانی خۆی لەگەڵ ئەوروپا تەسفیە بكات، ئەمەش بوو دوای كۆدەتای شكەستخواردووی سوپا دژی ئەردۆگان، بەتەواوی توانی ئەسپی خۆی تاودا لەناو توركیادا بەئاراستەی دژایەتی توركیا بۆ ئەوروپا، ئەردۆگان لەدژایەتی دا بۆ ئەوروپا ئامانج و مەبەستی تەنها لە خاڵی دوورخستنەوەی توركیا لە ئەوروپا سەرچاوەی شەرەكەی بوو لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپا، بەڵام عەقلیەتی هێزە ئۆپزسیۆنەكان لە قۆناغی دژایەتی وەهمی ئەردۆگان بۆ ئەوروپا كەوتە پشت ئەردۆگان لە چوارچێوەی ئەو نەتەوەپەرستە فاشیزمەی كە لە توركیا دا باوە، ئۆپزسیۆن كوێرانە چووە پشتی ئەردۆگان دژی ئەوروپا لەكاتێكدا ئەردۆگان لەدژایەتی ئەوروپادا تەنها ئامانج دوورخستەوەی توركیا بوو لە ئەوروپا بۆ ئەوەی ئەسپی خۆی تاودا بتوانێت ئەو سیسەتەمە سوڵتانیە ساز بكات كە ئێستا بەشێنەیی لەناو توركیا دا كاری لەسەر دەكات.
ئەردۆگان لە دژایەتی ئەوروپا و دوورخستنەوەی توركیادا لە ئەوروپا دەرگایەكی تەواو كراوەی لەبەردەم دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو خەونە سوڵتانیە دیكتاتۆریە بنیات بنێت، وەلەهەمانكاتیشدا كۆتایی بە دیموكراسیەتی توركیا بهێنێت و مەهزەلەیەكی هاوشێوەی هەڵبژاردنی ئیستەنبۆل لەناو توركیادا ساز بكات، هۆكاری گەیشتنی ئەردۆگان بەم قۆناغە هەم بێ ئاگایی ئۆپزسیۆنی توركیا بوو لە مەفهومی سەردەمیانەی ناسیۆنالیستی بوو، چونكە لە ئێستادا مەفهومی دەوڵەت و پارێزگاری كردن لە دەسەڵاتە سەربەخۆكانی دەوڵەت و مافەكانی مرۆڤ و پێكهاتەكان، بەشێكی گرینگە لە مانەوەی دەوڵەت بە ئاراستەی روون بەڵام ئۆپزسیۆنی توركیا لەگەڵ ئەو مەفهومە بەتەواوی بێ ئاگا بوو بە روانگەیەكی بێ ئاگایانەی نەتەوە پەرستی فاشیستی دا پاڵپشتی لە ئەردۆگان كرد و توركیا لە ژێر چاودێری چڕی ئەورووپا دەرهێنا بەمەش زەمینەی سوڵتانیەتی ئەردۆگانی زیاتر ساز كرد”.
لە ئێستادا ئەردۆگان لەهەوڵی ئەوە دایە كە بەتەواوی توركیا لە هاوپەیمانیەتیەكانی لەگەڵ رۆژئاوا دەربهێنێت، وەك دوورخستنەوەی ئەندامیەتی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتە سەربەخۆكانی دەوڵەتی توركیا و سازكردنی دەوڵەتێكی سوڵتانی و دیكتاتۆری وە لەهەمانكاتیش دا ئەردۆگان كار لەسەر ئەوە دەكات توركیا بەتەواوی لە هاوپەیمانی ئەتلەسی ناتۆ دووربخاتەوە بۆ ئەوەی بەتەواوی توركیا پڕ بكات لە میلیشیاتی تووند ئاژۆكانی كە لە ئێستادا خەوێنراون لە ناو توركیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی دەسەڵاتی ئەردۆگاندا لە ئامادە باشی دان هەروەك ئەو وێنەیەی كە لە كاتی كودەتاكەدا بینرا كە دەیان گروپی خەوێنراوی تووند ئاژۆ ئامادەی شەڕی ناوەخۆی توركیا بوو لەگەڵ سوپادا”.
توركیای ئەردۆگان لە قۆناغێكدایە، كە هیچ واتایەكی بۆ هەڵبژاردن و دەستاو دەست كردنی دەسەڵاتی تێدا نەماوە، لە هەڵبژاردنی چاوەروانكراوی سەرۆكایەتی كۆماردا ئەگەر دۆڕاوی ناو دەنگەكانیش بێت، دەسەڵات رادەستكردن لە توركیادا خەونێكی دوورە، بۆیە توركیا لەو هەموو مەترسیانەی كە ئەردۆگان سازی كردووە بە دوو ئاراستە دەروات، یان كۆتایی هێنان بەژیانی ئەردۆگان لەژێر كردەیەكی مخابەراتی یان شەڕی ئەهلی لەناو توركیا كە هیچ جیاوازیەكی ئەوەتۆی لەگەڵ سوریا دا نابێت.
مەبەستی ئەردۆگان لە ئۆپراسیۆنی كانی ئاشتی لە دژی رۆژئاوایی كوردستان بەهەمان ئەو هەنگاوانەن كە ئەردۆگان دەیەوێت لە پاڵپشتی سوڵتانیەكەی دا بە قوڵای 32 كیلۆمەتر و درێژی 440 كیلۆمەتر دەوڵەتێك بنیات بنێت كە بەتووندئاژۆكان تژی بكرێت كە چی لە دەوڵەتی داعش كەمتر نابێـت، ئەمەش هەم بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵاتە سوڵتانیەی ناو توركیا بنیات بنێت هەم بۆ تەسفیەی ناوەخۆی دا سوود وەربگرێت.
ئەردۆگان كە لەژێر ستراتیژی سفركێشە لەتوركیا دا دەستی پێكرد لە ئێستا دا پڕكێشەترین دەوڵەتە لە ئاستی جیهانی داو كەم دەوڵەت ماوە ناكۆك نەبێت لەگەڵ توركیا تا دەگاتە ئەفریقیا و لەوێشەوە بۆ دەوڵەتانی ئەوروپا و لەوێشەوە بۆ دەوڵەتانی سعودیا و ئێمارات و ئوردن و چەندان دەوڵەتی تر.
ئەمەش ئەو پرسیارە ساز دەكات ئایا ناوەخۆی توركیا دەتوانێت لەژێر ئەو نەتەوە پەرستیە فاشیزمە دەرباز بێت و بەئاگا بێتەوە لەوەی كە ئەردۆگان پێش گەیشتنی بە هەموو ئامانجە مەترسیدارەكان بیوەستێنت؟ بێگومان تا ئەم چركەساتە تەنها رۆشنایی لەتوركیا لە دونیا بینینی عەلی بابەجان و عەبدولڵا گویل دا هەیە، دەنا ئۆپزسیۆنی توركیا تا ئەم چركەساتە لەوەدا حاڵی نیە ئەو هەنگاوانەی ئەردۆگان لە ئێستادا لە سەر ئاستی نێودەڵەتی دەینێت چ كارەساتێكی ساز كردووە بۆ ناوەخۆی توركیا.