پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان زاڵم و مەزڵووم

 

زاڵم: های مەزڵووم، چۆنن، باشن؟

مەزڵووم: زۆر سپاس، جا چۆنین؟ لەژێر ئاگرداین و ئێوەش پشتتان لەئێمە کرد.

زاڵم: پشت لەئێوە ناکەین، تەسەوری ناکەی چەند لای ئێمە خۆشەویستن!

مەزڵووم: ئەی پشت تێکردن چۆنە؟ لەهەموو لایەک هێرشە بۆ سەر ئێمە و ئێوەیش بە هەناسە ساردی پشتتان لە ئێمە کرد و هەر دەڵێن دەڕۆین.

 

زاڵم: هممم، دەی باشە بۆ شتێک نەکەین؟ چەند دۆلار دەدەی بۆ ئەوەی پشتتان تێ نەکەین؟ دۆلار بدە، هەموو شتێک چاک دەبێ!

 

مەزڵووم: دۆلارمان لەکوێ بوو؟ نیمانە، ئێمە خوێنمان داوە، بە هەوای ئێوە بەرخودانمان کردووە، نازانی چەند شوێنمان گرت؟

 

زاڵم: هایهوووو. خوێن، خوێن. خوێن و موێن لای من نایخوا… فەقەت دۆلار، دۆلارت هەبێ هێز دەنێرین، نەبێ نانێرین.

مەزڵووم: باشە ئەمە مانای چییە؟ ئێمە متمانەمان بە بەڵێنەکانی ئێوە کرد، بە قسەی کەسی ترمان نەکرد. گوێمان بە نەسیحەتی دەوروبەرمان نەدا، لایەنە کوردییەکانی خۆمان بێ بەش کرد و لەگەڵیان ڕێک نەکەوتین. ڕۆچووینە دژایەتی لەگەڵ هەرێم، لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن کەوتینە بەرانبەر یەک. پشتمان لە ڕژێمیش کرد کە پێشتر دۆستمان بوون، لەسەر ئێوە لە هەموو شتێک بووین و ئێستا ئێوە دەماندەنە دەست گورگەکان؟ وەڵڵا ئێوە زۆر بێ بەڵێن دەرچوون، ئەوە چ مەعقولە؟

زاڵم: مەزڵووم گیان، خۆشمان دەوێی، بەڵام کەمێک واقعی بە، ئممم ئااا، خۆ دەزانم لای ئێوە لەمێژە شەڕ و شۆڕە. بەڵام بەینی خۆمان بێ با ئەوەشت پێ بڵێم، لە شەڕی دووەمی جیهانی و شەڕی نۆرماندی ئێوە یارمەتی ئێمەتان نەدا. لە جەنگەکەی پێرل هابەریش هێزی دەریایی کورد لەگەڵ ژاپۆنییەکان بوون.

 

ئێستایش ئەگەر دۆلارتان هەیە ئەهلەن وەسەهلەن، ئەگەر نیتانە، بەخوا نەتاندیت. بۆخۆتان بڕۆن داوای یارمەتی لە ناپلیۆن بکەن یا ژەنڕاڵ دیگۆل، ئەوانیشتان دەست نەکەوت چەرچل یا ماو تسی تۆنگ، نازانم، عیلاجی خۆتان بکەن.

Back to top button