مەلا بەختیار, شاناز خەریكی ئاژاوەی ناو یەكێتیی‌و پارتی.. ناو خودی یەكێتیی یە

خواكوڕك
لەدوای ئەوەی شاناز ئیبراهیم بەرپرسی رێكخستنەكانی هەندەرانی یەكێـتی لە بەرامبەر سازدانی كۆنگرەی سۆسیال دیموكراتەكان لە كوردستان رەخنەی لە مەلابەختیار بەر پرسی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی گرت, هەولەكانی مەلابەختیار تەنها وەك خۆ دەرخستنێك وێناكرد لە ماڵپەری چاودێر لە ژێرناوی ئەندامێكی ئامادەكاری كۆنگرەی سۆسیالیستەكان وەڵامێكی توندی شاناز دەدرێتەوە.
مالپەڕی چاودێر نوسیوەتی:” كەسێك، كە خۆی بەشازادەی یەكێتیی دەزانێ‌، بابەتێكی لەسەر كۆنفرانسەكەی سۆسیالیستەكان نوسیوەو دەیەوێ‌، هەستی پڕ لەڕەخنەی رای گشتی لەسەر خۆی‌و هاوسەرەكەیی‌و سەروەت‌و سامانەكەی، بگۆڕێ‌, وە هەرچی لەبارەی كۆنفراسەكەوە وترابێ‌‌و بوترێ‌، بەغیلی‌و رق بەولاوە هیچی تر نییە.
لە بەشێكی دیكەی وەڵامەكەدا هاتووە:” هەموو كەسێك دەزانێ‌، مەلا بەختیار لەنیوەی سەدەی رابردوو دوای بازرگانی نەكەوتووە. تەمەنی خۆی لەشاخ و خۆ شاردنەوەو شەڕو شۆڕدا بردۆتە سەرو بە ئەندازەی قورسایی جل‌و بەرگ‌و خشڵ‌و پێڵاوی ماركە جۆراو جۆرەكانی گرانبەهای (شازادە) پێڵاوی لاستیكی دڕیووە. قەتیش لەحكومەت نەبووە، هەتا بەرپرسیارێتی قەیران هەڵبگرێ‌. وەكو (شازادە)ش بیست ساڵ بەرپرسیاری پەیوەندییەكان‌و ناوەندی دەرەوە نەبووە، مانگانە سەفتەی دۆلار وەربگرێ‌ بەبێئەوەی یەك وەسڵ بداتە ئیدارەی گشتی. كوڕەكەشی مانگانە سەدان هەزار دۆلار هەتا ئێستا وەرناگرێ‌ بۆ كەین‌و بەینی كرێی سەتەلایتەكان, هیچ مناڵێكیشی نەكراوەتە كونسوڵ‌و مونسڵ. لەبەغداش خانوی لەمام جەلال وەرنەگرتووەو بەپارەی سەرۆكایەتی كۆمار تەعمیری نەكردووەو نەی فرۆشتۆتەوە بەسەفارەتی كوەییت بە(27) ملیۆن دۆلار.

ئامادەكاری كۆنفراسەكە كە لە بری مەلا بەختیار نوسیویەتی :” تۆش (شازادە) ئەوەتەی بوی بە بەرپرسیاری ناوەندی دەرەوە، لەدوا هەڵبژاردنی عیراقدا یەكێتیی لەناو وڵات سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناو مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری هەڵمەتەكەو راگەیاندنی هەڵبژاردنەكە بوو، تەنها لەدەرەوەی وڵات، لەتەواوی وڵاتان بە بەریتانیاشەوە كە (شازادە) چل ساڵە لەوێ‌ ئەژی، یەكێتیی لەتاقە وڵاتێكیش هەڵبژاردنی نەبردۆتەوە.

لەكۆتای بابەتەكەی چاودێر داهاتووە:” بەداخەوە لەم كاتەدا كە یەكێتیی‌و كوردستان دووچاری گێچەڵی جۆراوجۆر هاتووە، كەسانی وەكو (شازادە) رەخنەی دور هاوێژی بێتام‌و بێ‌ زانیاری ئەگرن‌و هەر خەریكی ئاژاوەی ناو یەكێتیی‌و پارتی.. ناو خودی یەكێتیی.. چەواشەكردنی رای گشتی‌و درۆ هەڵبەستنن, دەشلێت:” با شازادە دڵنیابێ‌ لەناخی هەموو یەكێتییەكی دڵسۆزدا رقێكی شاراوە بەرامبەری هەیە. بەیەكێكیشی ئەزانن كە ناكۆكی لەناو یەكێتیی قوڵ ئەكات.

Back to top button