5 رێنمایی بۆ كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردنی شەكر

ژیانی پڕ سەرقاڵی و ماندوویی ئێستا پاڵنەرێكی سەرەكییە بۆ خواردنی سووكەژەمی شیرینی وەكوو بسكویت و شەربەت و هاوشێوەكانیان. خواردنی زیاد لە پێویستی شەكر و شیرینیی دەستكرد، لە پشت ژمارەیەكی زۆر لە گرفتە تەندروستییەكانی مرۆڤی ئەمڕۆیە كە دیارترینیان قەڵەوییە.
ئەمەی خوارەوە چەند رێنماییەكە بۆ ئەوەی بەسەر ئەو حەزە كتوپڕەدا بۆ خواردنی شیرینیی دەستكرد زاڵ ببی:
1- سركەی سێو بخۆ:
كەوچكێك یان دوو كەوچك سركەی سێو بكە نێو پەرداخێكی گەورە لە ئاو و بیخۆرەوە، ئەو رۆژە ئەو حەزە زۆرەت بۆ خواردنی شیرینی نامێنێ.
2- كاتی ژەمەكانت دیاریكراو بن:
سێ ژەمی سەرەكی و دوو سووكەژەمی سرووشتی و بچووك لە كاتە دیاریكراوەكاندا وادەكەن ئاستی شەكر جێگیر بمێنێتەوە و پەنا نەبەیتە بەر خواردنی شیرینی.
3- بەیانیان میوە بخۆ:
ئەگەر دوانیوەڕۆ و ئێواران میوە بخورێ، ئەوە حەزی شەكر خواردن بەگیرت دێنێ، كەچی بەیانیان بیخۆ بە پێچەوانەوە، كەمتر حەز لە شەكر دەكەی.
4- شەربەتی سرووشتیی لیمۆ:
رۆژانە خواردنی دوو كەوچك شەربەتی لیمۆ، ناهێڵێ شەكرت بە خێرایی بەرزببێتەوە، جێگیریی شەكری خوێنیش وادەكات كەمتر ئارەزووی شەكر خواردن بكەی.
5- پڕۆتین زۆر بخۆ:
ئەگەر رێژەی پڕۆتین لە ژەمەكاندا زۆر بێ، ئەوە كەمتر ئارەزووت دەچێتە سەر خواردنی شەكر.