ئاسایشی سلێمانی لەبارەی تەقینەوەكەی چیای ئەزمەر را
ئاسایشی سلێمانی لە راگەیاندراوێكدا رایگەیاندووە، لەسەر چیای ئەزمەر فرۆكەی بێ فرۆكەوانی توركیا دوو كادیری باڵا پەكەكەیان كوشتووە”.
هەروەها لە راگەیاندراوەكەدا دەزگای ئاسایشی سلێمانی لەبارەی رووداوەكەی 15ی ئۆكتۆبەر لە سەر چپای ئەزمەر رایگەیاند”کاژمێر 17:10 خولەک بۆ 17:15 خولەک دوو کادیری باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان بەناوەکانی (جەمیل) و (دەمهات)، لەسەر شاخی ئەزمەر لە ناوچەیەکی گەشتیاری و لەناو خەڵکی مەدەنیدا بەشێوەیەکی دڕندانە کراونەتە ئامانج، هەروەها راشی گەیاندووە”دوای لێکۆڵینەوەی چڕ و پڕ و بەدەستهێنانی بەڵگەی پێویست لە شوێنی روودانی تاوانەکە بۆمان دەرکەوتووە کە ئەو دوو ئەندامە باڵایەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە). لە کاتێکدا بەبێ ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە ئەو ناوچەیە، لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا و لەناو خەڵکی مەدەنی و لە شاری سلێمانی لە شوێنی گەشتیاریدا کراونەتە ئامانج و ئەمەش پێشێلکاری و دەستپێشخەری و پێشهاتێکی مەترسیدار و بە هیچ جۆرێک خزمەت بە ئاسایشی هاوبەش و پێکەوە ژیان ناکات”.
هەروها لە راگەیاندراوەكەدا ئاسایشی سلێمانی دەشلێـ”داوا لە هەموو لایەک دەکەین خاکی عێراق و کوردستان بەکارنەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێمان، هەرچەندە پێویستە هاووڵاتیان ئاگاداربن لەو راستییەی کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقیە و ئەو رادارەی کە کەشفی ئاسمانی کوردستان دەکات لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان نییە، لە هەمان کاتدا دڵنیایی دەدەین بە کۆمەڵانی کوردستان دڵسۆز و تێکۆشەر و ئاشتیخوازی کوردستان و دانیشتووانی شاری سلێمانی کە بە هەموو توانا کاردەکەین بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و ئارامی خەڵکی کوردستان و هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو کردەوە مەترسیدارە دووبارە نەکرێتەوە”.