ئاسایشی هەرێمی کوردستان: ئەو دووکەسەی لەسەر چیای ئەزمەڕی گەشتیاری لە سلێمانی کوژران کادری پەکەکە بوونەو لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیا بەشێوەیەکی دڕندانە کراونەتە ئامانج
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لەسەر شاخی ئەزمەری گەشتیاری لە سلێمانی دووکەس بە هۆکارێکی نادیار کوژران، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کوردستان ئاشکرای دەکات کە کوژراوەکا دوو کادری چەکدارانی پەکەکە بوونەوە لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیا کراونەتە ئامانج.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی 15-10-2019 ی چیای ئەزمڕ بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنیت “کاژێر 17:10 خولەک بۆ 17:15 خولەک) دوو کادیری باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان بەناوەکانی (جەمیل) و (دەمهات)، لەسەر شاخی ئەزمڕ لە ناوچەیەکی گەشتیاری و لەناو خەڵکی مەدەنیدا بەشێوەیەکی دڕندانە کراونەتە ئامانج”.
ئاسایش دەڵێت، ئەو دوو ئەندامە بەبێ ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە ئەو ناوچەیە و راشیدەگەیێنێت “دوای لێکۆڵینەوەی چڕ و پڕ و بەدەستهێنانی بەڵگەی پێویست لە شوێنی روودانی تاوانەکە بۆمان دەرکەوتووە کە ئەو دوو ئەندامە باڵایەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە). لە کاتێکدا بەبێ ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە ئەو ناوچەیە، لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا و لەناو خەڵکی مەدەنی و لە شاری سلێمانی لە شوێنی گەشتیاریدا کراونەتە ئامانج و ئەمەش پێشێلکاری و دەستپێشخەری و پێشهاتێکی مەترسیدار و بە هیچ جۆرێک خزمەت بە ئاسایشی هاوبەش و پێکەوە ژیان ناکات”.
ئاسایش هەرێمی کوردستان سەرباری ئیدانەکردنی هەموو پێشلکارییەک لەسەر خاک و سیادەی عێراق و هەرێمی کوردستان، داواش دەکات خاکی عێراق و کوردستان بەکارنەهێندرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
هەر لەو روونکردنەوەدا ئاسایش دەڵێت: “هاووڵاتیان ئاگاداربن لەو راستییەی کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراقییە و ئەو رادارەی کەشفی ئاسمانی کوردستان دەکات لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان نییە”.