پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو: سروە هەلەیەكی گەورەی كردووە, لەبەرانبەریدا دەبێ رێكاری یاسایی بگیرێتە بەر

خواكوڕك
لەدوای ئەوەی كە دەنگی نارەزایێتی شەقامی كورد لە بەرامبەر لێدوانەكەی پەرلەمانتارەكەی بزووتنەوەی گۆڕان بەرز بویەوە لایەنگرانی پارتە جیاوازەكانی كوردستان‌و ئەندامانی پەرلەمان لە بەرامبەر قسەكانی ژنە پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان )سروە عەبدولواحید) هاتنە دەنگ پێیان وایە قسەی نوێنەرەكەی گۆڕان زۆر نەشیاوە و لە ئاست خانەوادەی پێشمەرگە و شەهیداندا نییە.

بەهار عەبدولڕەحمان پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی و بریاردەری لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە: ” ئەوان وەك لێژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستاندا زۆر بەتوندی دژی قسەكانی (سروە عەبدولواحید) پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕانین لە پەرلەمانی عێراق و ئیدانەی دەكەین. هەركەسێك لە دژی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگە قسە بكات و سوكایەتییان پێ بكات كارێكی نەشیاوە و هەڵەیەكی گەورەیە.”

ئەندامی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان دەشلێت: ” دەبێ (سروە) داوای لێبوردن بكات، چونكە ئەم قسانە زۆر نەشیاون و لە ئاست خانەوادەی پێشمەرگە و شەهیداندا نییە و بگرە لە ئاست كەسێكیشدا نییە كە پێی بگوترێت پەرلەمانتار. بۆیە دەبێ داواكاری گشتی بە ئەركی خۆی رابێت و رێكاری یاسایی لە بەرانبەریدا بگرێتە بەر. لە راستیدا دەبوو لە بری ئەم قسە نەشیاوانە و ئەم زمانە زبرەدا، (سروە) باسی كۆڵنەدان و نەبەردیی هێزی پێشمەرگەی كردبا و باسی خۆراگریی خانەوادەی شەهیدانی كردبا.”

لەكۆتایی قسەكانیدا بڕیاردەری لێژنەی كاروباری پێشمەرگە گوتوویەتی :” هەر كەسێك كە هەڵە دەكات سەرەتا دەبێ لە سەرچاوەی هەڵەكەی بكۆڵێتەوە. ئەو بە گوتەی خۆی بەرگری لە مافی گەلی كورد و هێزی پێشمەرگە دەكات كەچی لەم لایشەوە قسەی ناشرینیان لەسەر دەكات، خۆ دەكرا هەر لە سەرەتاوە داوای لێبوردنی كردبا و بیگوتبا هەڵەی ‘لیسان’ بووە و لەودەمەدا ئەم قسەیە بەسەر دەمما هاتووە، نەك هەر مكوڕ بێ لەسەر قسە هەڵەكەی، بۆیە دەبێ داواكاری گشتی بێتە سەرخەت و بە ئەركی خۆی هەڵسێت.”

Back to top button