سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 23ـی10ـی2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلیکس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە  جێمس سۆرنتن كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵیۆزی بەریتانیا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ كوردستان و عێراق ڕاگەیاند.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەروەها تاوتوێ كردنی هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی داعش تەوەرێکی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

لە دیدارەکەدا بە وردی ڕەوشی ڕۆژئاوا و هاتنی شەپۆلی نوێی پەنابەران لە سووریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس و هەردوولا دژایەتیی خۆیان بۆ ئەگەری گۆڕینی دیموگرافی لەو ناوچەیە راگەیاند و بۆ ئەوەش وایان بە باشزانی ئەو پەنابەرانەی لە ترسی شەڕ ناوچەکانیان بەجێ دەهێڵن، هەر لەناو خاکی سووریا و لە شوێنێکی ئارامی نزیک سنوور، کەمپیان بۆ دروست بکرێت و کۆمەڵی نێودەوڵەتی هاوکاریی بەپەلەیان بۆ دابین بکات. هەروەها هەردوولا هاوڕابوون کە ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا زیان بە هەوڵە هاوبەشەکان دژی تیرۆر دەگەیەنێت و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا و عێراق زیاتر دەکات.

هەر لە دیدارەکەدا باسی رەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە داواکارییە رەواکانی هاووڵاتیان جێبەجێ بکرێن و پڕۆژەی خزمەتگوازری لەناوچەکانی ناوەڕاست و عێراق جێبەجێ بکرێن و دۆخی ژیانی خەڵک باشتر بکرێت.

هەر لەوبارەیەوە سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە نابێ رێگە بدرێت ئۆباڵی هەڵە و کەموکوڕییەکانی رابردوو و بخرێنە ئەستووی حکوومەتی ئێستای عێراق و ئەوانەی خۆیان هۆکاری گەندەڵی و کەموکوڕییەکان بوونە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن و بیانەوێ زیان بە کابینەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی بگەیەنن.

 

 

Back to top button