دوا ئامار: ژمارەی ئاوارەكانی موسڵ لە كوردستان گەیشتە 119 هەزار كەس
خواكوڕك
لەگەڵ بەردەوامی شەڕی كۆنتڕۆلكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش شەپۆلی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە, ئەمە لە كاتێكدا كە لەسەرتای دەستپێكی شەڕی ئازادی موسڵ تا ئەمڕۆ، زیاتر لە 14 هەزار خێزان كە دەكاتە 119 هەزار هاووڵاتی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.
هەر لەمبارەیەوە (شاكر یاسین) بەڕێوەبەری گشتیی كۆچ و كۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە ” بەپێی دوائامار لەگەڵ دەستپێكردنی ئەو ئۆپەراسیۆنی موسڵ 14 هەزار خێزان كە زیاتر لە 119 هەزار هاووڵاتی دەبن لە شاری مووسڵەوە هاتوونەتە هەرێم, لە كەمپەكانی خازر و حەسەن شام و زێلكان نیشتەجێ كراون.”
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران گوتشیەتی:” چەندان كەمپ بۆ ئەو ئاوارانە دروست كراون.. ئاوارەكان لەو كەمپانە نیشتەجێ كراون، چەند كەمپێكی دیكەش هەن ئەگەر ڕێژەی هاتنی ئاوارەكان بەردەوام بێت تێیاندا نیشتەجێ دەكرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی كۆچ و كۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەخنەی ئاراستەی حكومەتی عێراق كردووە كە كەمتر خەم بووە لە پێشوازی كردن و هاوكاری كردنی ئاوارەكان هەروەها دەلێت:” ئەركی نیشتەجێكردن و ئیدارەدانی ئاوارەكان لە ئەستۆی حكوومەتی عێراقە لەكاتێكدا دەبینین لە وەرزی زستان لەكاتی باران دەبارێت هەندێك لە خێمەكان ئاو دەچێتە نێویانەوە.. حكوومەتی عێراق بەرپرسە لەم كەموكڕیانە”
لە كۆتایشدا گوتی:” ئێستا حكوومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامن لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان”.