وەزیری ئەوقاف: بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە غەدری مێژوویی لە گه‌لی کورد کراوە

لە کۆبوونەوەی نێوان مامۆستایانی ئایینی و وەزارەتی ئەوقافدا د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی 99٪ی مامۆستایانی ئایینی میانڕەون و ناهێڵین بیری تودڕەوی سەرهەڵبدات.

د. پشتیوان سادق لەبارەی ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گوتی: ” بە ناوی ئیسلامەوە غەدری مێژوویی لە کورد کراوە و ئەمجارەشیان کە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا هاتنە پێش، دەستخۆشی لە مامۆستایان دەکەم لە بەرامبەر رۆژئاوا هەڵوێستی ئەرێنییان هەبووە و ڕەوشەنگەرییان کردووە”.

وەزیری ئەوفاق لە کۆبوونەوەی مامۆستایانی ئایینی لە گوتارێکدا گوتی: “جێگەی شانازییە لە دونیا وەک نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیان پێکهاتەکان چاو لە هەرێمی کوردستان دەکات و ۹٥٪ی کریستیانەکانی عێراق لە هەرێمن و ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە بارودۆخێکی ئارامە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هێزە ئەمنییەکان و میانڕەویی مامۆستایانی ئایینی کە 99٪یان میانڕەون و تەعبیر لە فەلسەفەی ئایینی ئیسلام دەکەن و دبێ رێگە نەدەین بیری توندڕەوی دروست بێت، چونکە لە ئیسلامدا توندڕەوی نییە”

د. پشتیوان سادق وەزارەتی ئەوقاف، ئاماژەی بەوەش کرد: “یاسا و رێنمایی هەیە و هەموومان دەبێ تەعبیر لە سیاسەتی حکوومەت بکەین رەبتی ئیداری و یاسایی و ئەخلاقیمان بە وەزارەتەوە بێت و پێیەوە پابەند بین و وەزارەتیش پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات”.

باسی لەوەش کرد خەریکی ژمارەیەک پرۆژەین کە پەیوەندیی بە لایەنی هونەرییەوە هەیە و بە ڕاوێژ دەبێت لەگەڵ خەڵکی پەیوەندیدار و ئەوانەش پەیوەندیی بە لایەنی شەرعییەوە هەیە، لیژنەی فەتوا و لیژنەی زانستی هەیە، چونکە ئێمە بە یاسایەک کار دەکەین کە سالی ۱۹۹۲ دەرچووە و دەبێ هەندێ دەستکاریی بکەین، بە جۆرێک خزمەت بە هەموو لایەک بکات”.

لەبارەی گوتاری ئایینەوە وەزیری ئەوقاف گوتی: “کۆنفرانسمان کرد بۆ وتاری ئایینی و هەوڵ دەدەین یەک بخرێت و یەکێتی زانایان دەینووسێتەوە و وەزارەت تەنیا نوێنەری دەبێت و مامۆستایان دەتوانن پێشنیاز لەسەر وتارەکان بخەنە ڕوو”.

د. پشتیوان سادق ڕاشی گەیاند: “لە کوردستانیش گرنگی بە خوێندنی ئیسلامی دەدەین و دەبێت گۆڕانکاری بەسەر رێنمایی حوجرەکاندا بکرێت و ئیمزام لەسەر رێنمایی نوێ کردووە و دەبێت شوێن و سەرپەرشتی و مەنهەجی دیار بێت بڕیاریشمان دا پەیمانگەیەکی تایبەت بە ئامادەکردنی مامۆستایانی ئایینی بکرێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا رەزامەندی ۱٠٠ کەس وەرگیراوە بچن ماستەر و دکتۆرا لە دەرەوە تەواو بکەن”.

لەبارەی کەرتی نیشتەجێبوونیش وەزیری ئەوقاف گوتی: “بۆ دەستەبەری یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایانی ئایینی نووسراوامان بۆ لایەنی پەیوەندیدار کردووە و لەو رۆژانە بڕیاری ئەرێنی لەسەر داواکاری ئێمە دەکرێت کە بە نرخێکی گونجاو یەکەی نیشتەجێبونیان پێ بدرێت”.

لە کۆتییدا گوتیشی: “بارودۆخی عێراق و ناوچەکە کاریگەری لەسەر هەرێم هەیە و دەبێت هەموو لایەک بە ڕێنماییەکانەوە پابەند بین و نابێت مامۆستایانی ئایینی بە قسە و قسەڵۆک باوەڕ بکەن.

Back to top button