ئەوەش ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژئاوا!

كارزان كەمال

 

کاتێک لە حەوتی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧، هێزە سەرەکییەکانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریان لەسەر دەستنیشانکردنی ڕۆژی ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دا، ئەو حزبانە پێشبڕکێیان بوو لەوەی کێ زیاتر خۆی بە خاوەنی ڕیفراندۆم نیشان بدات و موژدەی نزیکبوونەوەی سەربەخۆییان دەدا. بەڵام هەر کە هەندێ چاوسوورکردنەوەی دەوروبەریان دیت، پێش ئەوەی هەڕەشەیەکی جیدیش بکرێ، زۆریان پەشیمان بوونەوە و خۆیان لە بەرپرسیارێتییەکە دزییەوە و ئۆباڵی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمیان دەخستە سەر شانی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان.

 

تەنانەت کە لە پیلانگێڕییەکی دوژمنکارانەدا، ئەو هەموو جەیش و جاشە بە خەیاڵی کۆتاییهێنان بە هەرێمی کوردستان، پەلاماری پیشمەرگەیان دا، پێشمەرگەکانی پارتی بە تەنیا لە مەیدان مانەوە و شەڕی مان و نەمانیان کرد. بەڵام سەرکەوتن و پیلانە شوومەکەیان تێکشکاند. کەچی دوای ئەوەش، ئەوانەی هەرگیز باوەڕ و متمانەیان بەخۆیان و گەلەکەیان نییە، ئۆباڵی هەر ناخۆشییەک هەبووبێت دەیانخستە ئەستۆی ڕیفراندۆم. تەنانەت لێیان بپرسە بۆ ئەنفال کراین، دەڵێن لەبەر ڕیفراندۆمەکەی بارزانی!

 

دەی ئێستا کە پیلان و گەلەکۆمەکێ لە دژی ڕۆژئاوا هەیە، خەتای کام ڕیفراندۆمەیە؟ کوان ئەوانەی تا دووساڵ پیش سینگیان دەردەپەڕاند و بە وتاری ئاگرینەوە دەیانگوت “بەرماندەن با بچینە کۆبانێ”؟ بۆ ئێستا بەیەک وشەیش ناوێرن باسی ڕۆژئاوا بکەن و دیسان هەر پارتی و بارزانی لە سەنگەری بەرگری لە ڕۆژئاوا مانەوە؟

 

بۆ ڕاستییەکان وەک خۆیان ناڵێن؟ بۆ ناوێرن بڵێن ئۆباڵی ئەو نەهامەتییەی ئێستا لە ئەستۆی تاکڕەوی و خۆسەپاندنی پەکەکەیە؟ بۆ ناوێرن بڵێن پەکەکە ئەزموونی ڕؤژئاوای لەبار برد و ئامادەش نییە بەرگرییان لێ بکات؟ کاتێک پەکەکە بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا خۆی بەسەر ڕۆژئاوادا سەپاند و کەوتنە چەوساندنەوەی هێزە کوردییەکان و دژایەتیی ئاڵای کوردستانیان کرد و هەزاران کوردی دڵسۆزیان لە بەندیخانەکان خزاند و بە بەرزکردنەوەی وێنەی ئۆجەلان و ئاڵای پەکەکە، بیانووی لەشکرکێشییان دایە دەست تورکیا، کەچی ئێستا کە ئەزموونی ڕۆژئاوایان کردە قوربانی، ئامادە نەبوون تەنانەت لایەنگرەکانیان  بۆ خۆپێشاندان بڕژێننە سەر شەقامەکان و فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا.

 

بەداخەوە دەبێ ئەو ڕاستییە بڵێین، پەکەکە خۆی بەشێکە لەو پیلانەی دژی ڕۆژئاوا هەیە، هەروەکچۆن بەشیک بوو لەو پیلانەی دژی باشوور هەبووە و ئێستا و داهاتوویش هەر بەشیكن لەپیلانگێڕییەکان، مانەوەشیان لە قەندیل و شنگال، بەڵگەی ئەوەیە.

Back to top button