ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر داستانی سحێلا و مەحموودیە تێدەپەڕێت.. كوردستانیان خۆیان نەچەماند

ئەمڕۆ شەممە، دوو ساڵ بەسەر داستانە مەزنەكەی سحێلادا تێپەڕ دەبێت، فەرماندەیەكی پێشمەرگەش، كە بەشداری ئەو داستانە بوو، دەڵێت، شەڕی سحێلا نەیهێشت قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبار بچێت و كوردستانیانیش خۆیان نەچەماند.

پاش ڕووداوی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە میحوەرەکانی پردێ و سحێلا و مەحموودیە، پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، بە گیانفیدایی بەرگرییەکی قارەمانەیان تۆمار کرد و بە خوێنی ڕۆڵەی کورد مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستانیان ڕەواندەوە.

لەمبارەوە سەرپەرشتیاری هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری سحێلا و مەحموودییە، پێشتر چەند زانیارییەک لەبارەی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە ڕۆژی ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بۆ میدیاکان ئاشکرا کردووە.

مەنسوور بارزانی فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گۆڵان کە لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە میحوەری سحێلا سەرپەرشتیاری هێزەکانی پێشمەرگە بوو لەبارەی داستانی سحێلاوە ڕایگەیاند: “بەداخەوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەت کراو کەرکووک ڕادەستی حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی کرا، حکوومەتی عێراق زۆر مەغروور بوون وایانزانی کە ئیتر پێشمەرگە ناتوانێت هیچ بکات”.

ڕاشی گەیاند: “دواتر لەسەر ئەو رێککەوتنەی کە لە ڕۆژی(١٧-١٠-٢٠١٦) لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان کرابوو، ئێمە وەکوو هێزی پێشمەرگە هاتینەوە بۆ ئەو هێڵەی کە پێش هێرشکردن بۆ ڕزگاکردنی شاری مووسڵ لێی بووین”.

مەنسوور بارزانی لەمیانەی دیدارێکی کەناڵی(کوردستان تیڤی)دا گوتی: “ئەوان وایانزانی کە پێشمەرگە لە هەموو سنوورەکان وەکوو کەرکووک دەبن فەرمان بۆ ئێمە هات کە بەرگری بکەین و حکوومەتی عێراق لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هێرشی بۆ مەحموودیە بە هەموو هێزییەوە دەست پێکرد کە تاوەکوو ئێستاش هێزی پێشمەرگەی لێیە، بەڵام لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە تێکشکان”.

ڕاشی گەیاند: “هەموو ئەو پێشمەرگانەی کە لە سنووری مەحموودیە و عێن عەوێز و سحێلا بوون، لەکاتێکدا کە لە ڕۆژی ٢٠ ئۆکتۆبەر ئەو نەبەردی و داستانە مەزنەی لە پردێ تۆمار کرا لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە بەڵێنمان بەخۆمان دا کە ئێمە دەبێ بەرگری بکەین و ڕۆحی خۆمان فیدا بکەین بۆ ئەوەی کە خاک و گەلی کوردستان نەکەوێتە دەستی داگیرکەران”.

فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵانی هێزەکانی پێشمەرگە گوتیشی: “شەوی ٢٥ لەسەر ٢٦ی ١٠ ئێمە ئاگادارکراینەوە کە سبەی هێرشەکە دەستپێدەکات بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ئێمە لە سەنگەرەکانمان ئامادەبووین، ئەوە بوو حکوومەتی عێراق بە ١٣ هەزار سەرباز و حەشدی شەعبی و لە بەرەبەیان دەستیان بە بۆردومانێکی زۆر چڕ کرد و دواتر بە پانایی ئەو دەشتەی سنوورەکە بەرەو سەنگەرەکان هاتن، بەڵام لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە تێکشکێنران و زیاتر لە ٢٥٠ کوژراو و ٤٧٠ برینداریان هەبوو”.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگەی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە دوای شکانی هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە میحوەری سحێلا پێشمەرگە دەیتوانی هێرشی پێچەوانە ئەنجام بدا و چەندین ناوچەشیان لەدەست دەربهێنن بەڵام لەبەر ئەوەی فەرمانیان پێ نەبووە، بۆیە ئەو کارەیان نەکردووە.

Back to top button