سەرچاوەیەك بارودۆخی نزیك ناوچەی سەوز ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ شەممە سەرچاوەیەکی ئاگادار بارودۆخی نزیك ناوچەی سەوز لە بەغدای پایتەخت ئاشکرا کرد و گوتی هێزێکی ئەمنی زۆر لە گۆڕەپانی تەحریر کۆکراینەوە لە دوای خۆپیشاندانەکانی دوێنێ هەینی کە بەهۆیەوە کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە هەروەها پردی شوهەدا و سینك و ئەحرار و کۆماری تا ئێستا داخراون و ڕوونیشی کردەوە هاتوچۆ لە نێـوان کەرخ و ڕسافە لەسەر ئەم پردانە نیە.
سەرچاوەکە ئاماژەی دا ڕێگاکانی نزیك لە ناوچەی سەوز لە بەری کەرخ داخراون و هێزە ئەمنیەکان ناهێڵن کەس هاتوچۆی لێ بکات تەنها بۆ بەرپرسەکانە ئەمەش لە دوای ئەو ناڕەزایی و تووڕەییەی خەڵك هات لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە هۆی خراپی بار و گوزەرانی خەڵك و بێ کاری لە نێوان گەنجەکان و ڕێژەی گەندەڵی لە دام و دەزگاکانی وڵات.
سەرچاوە : شەفەق نیوز