لە كفری گرووپی تیرۆریستی ئاڵا سپیەكان شوانكارێكی كوردیان شەهید كرد

 

دوای ئەوەی گرووپی ئالا سپیەكان كە گرووپێكی تیرۆریستیە لە گەرمیان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەریان هەڵدا چەند كردەوەیەكی تیرۆریستیان ئەنجامداو ئەمڕۆ جارێكی دیكە لە شارەدێی زنانەی سەر بە كفری شوانكارێكی كوردیان شەهید كرد.

جەمال ساڵح، بەڕێوەبەری شارەدێی زنانە لە بارەی شەهید كردنی ئەو شوانكارە رایگەیاندووە: گرووپی ئالا سپیەكان ئەمڕۆ سێ‌ شوانكاری كوردیان دەستگیركردووە دوای دەستگیركردنیان داوای موبایلیان لێكردوون بەڵام شوانكارێك ئامادە نەبووە كە موبایلیان رادەست بكات بۆیە دەست بەجێ‌ شەهیدیان كردووە.

بەڕێوەبەری شارەدێی زنانە گوتیشی: رووداوەكە لە نێوان هەردوو گوندی بەلەگە و دوڕاجی بووە شوانكارە كە كوڕی ئەندامی كۆمیتەی شارەدێی زنانەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە ناوی كرمانج شێركۆ یاسینە..

جەختیشی كردەوە كە دوو شوانكارەكەی دیكە سەلامەتن و هیچ ئازارێكیان پێ نەگەیشتووە، چەكدارەكانیش بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتوون.

Back to top button