سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێک لە سەر کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی بڵاو دەکاتەوە

 

نێچیرڤان بارزانی : کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی هەنگاوێکی گرینگە بەڵام بە هیچ شێوەیەک مانای لەناو بردنی ئایدۆلۆژیای توند ڕەوی نییە .

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 

هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی گرنگ و سەرەكیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادیی سەری ڕێكخراوی تیرۆرستیی داعش بە هەنگاوێكی گەورەی شەڕی دژی تیرۆر دادەنێت و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵی ئه‌مه‌ريكا و هەموو ئەوانە ڕاده‌گه‌يه‌نێت كه‌ بە هەر شێوەیەك لە سەركەوتنی ئەو ئۆپەراسیۆنه‌دا بەشدار بوون.

 

كوشتنی بەغدادی دوای لەناوبردنی بەناو خەلافەتی داعش ‌هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەك واتای كۆتاییهاتنی تیرۆر و بیر و ئایدۆلۆژیای داعش ناگەیه‌نێت، مەترسيی بەهێزبوونەوەی جموجۆڵە تیرۆریستییەكان هێشتا زۆرە و داعش و گرووپ و هاوشێوەكانی لە ناوچەكە هێشتا لە جموجۆلدان و هەڕەشە لە ئاسایشی هەموو جیهان دەكەن، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی له‌ هاوكاری و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت، نەك هەر تەنیا لەڕووی سەربازییەوە، بەڵكو هەوڵ و هاوكارییەكان بەهێز بكرێن بۆ بەرەوپێشبردنی پەروەردە و كولتووری پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و لێبووردەیی و نەهێشتنی ئەو زەمینەیەی كە تیرۆر و خەڵكانی وەك بەغدادی بەرهەم دەهێنن.

 

هەرێمی كوردستان كە قوربانيی زۆری داوە بۆ لەناوبردنی تیرۆر، كە لە ناوچەكەی ئێمە و لە عێراق، ئێزدی و مەسیحی و موسڵمان و هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان ڕووبەڕووی تاوانە ترسناكەكانی داعش بوونەوە، ئێستاش بە هەموو شێوەیەك لە هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبێت و ڕووبەڕووی ئایدۆلۆژیا و بیری تاریكی داعشیانە دەبێتەوە، بۆ ڕێگرتن لە سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و بەهێزبوونەوەی داعش و تیرۆر لە ناوچەكە و پاراستنی ئاسایش و ئازادی لە جیهاندا.

 

نێچيرڤان بارزانى

 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

 

27/10/2019

Back to top button