خوێندنى باڵا رێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا رادەگەیێنێت
لەگەڵ هاتنی وەرزی نوێی خوێند وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایدەگەیێنێت كە ئەمساڵ جیاوازتر الە ساڵانی رابردوو بەمەبەستی رێگری لە چوونە دەرەوەی سامانی مرۆیی و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆقوتابيان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی کوردستان رێنماییەکانى تایبەت بە ماستەر و دکتۆرای بۆ ساڵى خوێندنى 2019 – 2020 دەرکرد.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رايگەیاند، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەقى رێنماییەکانى تایبەت بە ماستەر و دکتۆرای بۆ ساڵى خوێندنى 2019 – 2020 واژۆکرد، لەو چوارچێوەیەدا رێنمایی ژمارە پێنج دەرچووە کە تایبەتە بەخوێندنى باڵا/ ماستەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و وەرگرتنى خوازیاران بەپێى ئەو رێنماییە دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لەوەشکرد، بەهەمان شێوەش رێنمایى ژمارە شەش دەرچووە، تایبەتە بەخوێندنى باڵا/ دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و وەرگرتنى خوازیاران بەپێى ئەو رێنماییانە دەبێت.
لە رێنماییەکانی ئەمساڵدا چەند گۆڕانکارییەک کراون، لەو بارەیەوە د. ئارام محەممەد قادر رایگەیاند، “لە رێنماییەکانى ئەمساڵى خوێندنى ماستەر و دکتۆرادا گۆڕانکارى بنەڕەتى لە مەرجەکانى پێشکەشکردن، توانستى زمان، تەمەن، پلان و کورسى خوێندن كراوه، بەشێوەیەک ههوڵمانداوه دەرفەتی زیاترى خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان لهناوخۆی وڵات بڕەخسێنین بۆئەوەی بتوانن کاتەکانیان بەکاربهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییان”.
بە گوتەی وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دەیانەوێت دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچووانی زانکۆکان بڕەخسێنین بۆئەوەی پلانەکانیان رێگربن لە چوونە دەرەوەى سامانى نیشتیمانى ئەم وڵاتەکە، بەڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنى باڵاى ماستەر و دکتۆرا، زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران لەڕێگەى پلانەکانى ماستەرو دکتۆرا دەستەبەردەکەین، بەمشێوەیەش هەموومان پێکەوە دەتوانین کار بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی سەقامگیر و گەشەکردوو بۆ هەرێمەکەمان بکەین.
بڕیاریشە لە ئایندەییەکى نزیکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا بەنوسراوى فەرمى داواى پلان لە زانکۆکان بکات، دواى ناردنى پلانەکان و پەسەندکردنیان، وهزارهت ماوەى پێشکەشکردن و كاتی تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و راگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى خوێندنى ئەکادیمى رادەگەیەنێت.