پیلانێكی مه‌ترسیدار له‌سه‌ر كه‌ركوك ئاشكرا ده‌كرێت

خواكوڕك

سەرچاوەیەكی سه‌ربازی باڵا لە دەزگا ئەمنییەكانی كەركووك پیلانێكی مه‌ترسیدار له‌سه‌ر كه‌ركوك ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت، دوای كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی مووسڵ، بەناوی گرتنەوەی حەویجەوه‌ پیلان هەیە بۆ داگیركردنی شاری كەركووك.

سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرابكات رایده‌گه‌یه‌نێت، “ماوەیەكە حەشدی شەعبی چەكێكی زۆر رەوانەی نێو شاری كەركووك دەكات و ئۆتۆمبێڵ و كەلوپەلی سەربازیی لەگەڵدایە.. دەستیان بە تۆماركردن و چەكداركردنی كه سانى نه ناسراو كردووە و، و چه‌ند بەرپرسی ئیداریی شاری کەرکوووک لە پشتەوەی ئەو پیلانەوەن”.

مالپه‌ڕی فه‌رمی پارتی له‌سه‌ر زاری ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ كه‌سێك به‌ناوی محەممەد بەیاتییه‌ بەرپرسی باکوورە لە حزبی دەعوە سەرپەرشتیی پرۆسەکە دەکات و بەشیک لە به‌رپرسانی حزبێكی كوردی لەو پیلانەدا بەشدارن.

خواكوڕك پێشتر ئاشكرای كردووه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ كه‌ركوك و ده‌ورووبه‌ری هه‌ڵمه‌تێكی ناونوسین له‌ریزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستی پێكردووه‌ و رۆژانه‌ خه‌ڵك ده‌چێته‌ ریزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، “تا ئێستا بە هەزاران كەس ناونووس و چەكدار كراون، ئەو چەكانەی رەوانەی نێو شاری كەركووكیش دەكرێن، بەناوی كۆمپانیای ئەمنی و بارەگاكانی بەدرەوە ده‌هێندرێنە نێو كەركووكه‌وه‌، بەسەدان بەڵگە و دیكۆمێنت لە بەردەستە بۆ سەلماندنی ئەو پیلانە، تەنیا لە یەك ماڵدا دەست بەسەر چل چەكی كلاشیكۆف و شەش چەكی قورسدا گیراوە.”

نووری مالكی له‌ماوه‌ی رابردوو رایگه‌یاندبوو كه‌ دوای داعش ده‌ست به‌سه‌ر عێراق داده‌گرێت، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وه‌ك ده‌ركه‌وتنی سه‌ره‌تای پیلانی مالكی له‌ كه‌ركوك و حه‌ویجه‌ ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه‌، كه‌ له‌ژێر نانویشانی رزگاركردنی حه‌ویجه‌، هێزێكی زۆری حه‌شد له‌ده‌وروبه‌ر و ناوه‌وه‌ی كه‌ركوك جێگیركراوه‌.

Back to top button