سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: رێگگە نادەین دەستور هەموار بکرێتەوە کورد مافی ڤیتۆی هەیە
پاش ئەوەی لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق پەرلەمان بڕیاری دا کە لێژنەیەک بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق لە ماوەی چوار مانگ پێکبهێندریت, ئەو بڕیارەی پەرلەمان ناڕەزایەتی فراکسیۆنەکوردەکانی لێکەوتەوە بە جۆرێک سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، هەمواركردنەوەی دەستوور سەركەوتوو نابێت، چونكە ئێمە مافی ڤیتۆمان هەیە و رێگە نادەین هەموار بكرێتەوە.
د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندووە: “كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تایبەت بە سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەمواركردنەوەی دەستوور، ئەوە بوو كە شیعەكان زۆرینە بوون و هەمووان سوور بوون كە ئەنجومەنی پارێزگاكان سڕ بكرێن، كە ئەمە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە، بەداخەوە گوێشیان لە ئێمە نەگرت و ئێمەش دەنگمان پێ نەدا”.
هەروەها ڤیان سەبری گوتیشی “هەر خولێكی پەرلەمان بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ لیژنە بۆ هەمواركردنەوەی هەندێك مادە پێك دێت، بەڵام بە گوێرەی ماددەی 126 ئەگەر سێ پارێزگا رەتی كردەوە، دەتوانرێت هەموارەكە رەتبكرێتەوە، بۆیە وەك خولەكانی پێشوو سەركەوتوو نابێت و رەت دەكرێتەوە”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشلێت: “ئێمە مافی ڤیتۆمان هەیە كە رێگری لە هەمواری دەستوور بكەین، چونكە لیژنەیەكیان پێك هێناوە و سێ كوردی تیادایە، بۆیە هەموارەكە كاریگەری نابێت و سەركەوتووش نابێت و دەستوور وەك خۆی دەمێنێتەوە”.