وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران: تا سوریا پێویستی به‌ ئێمه‌ بێت له‌ رووی سه‌ربازی له‌ سوریا ده‌مێنینه‌وه‌

 

دوای ئه‌و ئالۆزیه‌ی چه‌ند ساله‌ وڵاتی سوریای گرته‌وه‌ كۆمه‌لێك وڵات به‌ مه‌به‌ستی پشتگیری و دژایه‌تی رژێمی ئه‌سه‌د هێزی سه‌ربازی نارده‌ وڵاتی سوریا، له‌ باره‌ی مانه‌وه‌ی هێزی وڵاته‌كه‌ی له‌ سوریا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیران رایگه‌یاند: تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ حكوومه‌تی سوریا داوایان لێ بكات تاران و مۆسكۆ له‌ ناو خاكی سوریا ده‌مێننه‌وه‌.

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا و توركیا له‌ ژێنێڤ رایگه‌یاند: ئێران و رووسیا له‌سه‌ر بانگهێشتی حكوومه‌تی سووریا له‌و وڵاته‌ن.هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كۆمیته‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: نابێت هیچ جۆره‌ ده‌ستوه‌ردان و و گوشارێك له‌ ده‌ره‌وه‌ بخرێته‌ سه‌ر ئه‌و كۆمیته‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێی سوریا.

هه‌روه‌ها جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌م ده‌ستووره‌ هی سه‌رجه‌م سوورییه‌كان بێت و هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌وانیشه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێت.

هاوكات سێرگی لاڤرۆف وه‌زیری ده‌روه‌ی رووسیا له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ قه‌یرانی سوریا به‌ شێوه‌ی سیاسی چاره‌سه‌ر بكرێت و رایگه‌یاند: پێكهێنانی كۆمیته‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی نوێی سوریا، سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ گه‌لی ئه‌و وڵاته‌.

Back to top button