مەسرور بارزانی لەبارەی ئەگەری گۆڕانكاری لەدەستووری عێراق بەتووندی هاتە سەر خەت
ئەمرۆ چوارشەممە 30ی 10ی 2019 ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كۆبوونەوە، لەكۆبوونەوەكەدا باس لە دوو تەوەری سەرەكی كرا”.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بە رووداوی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد و گوتی: “راستە کوشتنی بەغدادی زۆر گرنگ بوو، بەڵام ئەمە کۆتایی داعش و تیرۆر نییە، بەڵکو هێشتا داعش مەترسییەکی جیددیە بۆ سەر دانیشتووانی زۆر ناوچەی عێراق. گوتیشی ئەفسانەی داعش لە سەر دەستی پێشمەرگە تێکشکێنرا کە بووە هۆی دەستپێکی داڕمانی داعشیش لە سوریا لە سەر دەستی کورد، هەروەها تیشکی خستە سەر دوا پێشهاتەکانی عێراق و ، رایگەیاند کە تێکچوونی بارودۆخی عیراق، لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی نییە.
بارزانی هەروەها گوتیشی “ئێمە لەگەڵ داوای ڕەوا و ئاشتییخوازانەی خۆپێشاندەرانین، بەڵام دژی بەکارهێنانی تووندوتیژین له هەر لایەکەوە بێت. پشتگیرییش لە سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەهدی دەکەین بۆ ئەنجامدانی چاکسازییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، ئەوەشی خستە ڕوو، هیچ گۆڕانکارییەکیش لەدەرەوەی رێکارە دەستووریی و یاساییەکان پەسەند ناکەین و دژی هەر هەوڵێکیشین بۆ کەمکردنەوە و دەستکاریکردنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق و، رێگەش نادەین هیچ گۆڕانکارییەک لە دەستووری عێراق رووبدات کە دژی ماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بێت. داواش لە هەموو هێز و لایەنە کوردستانیەکان دەکەین کە یەکڕیز و یەکدەنگ بن بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانمان.
وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد لەبارەی پلانەكانی راپۆرتێکی دەربارەی پلانی فریاکەوتنی مرۆیی بۆ پێشوازیکردن لە شەپۆڵی تازەی پەنابەرانی سوریا بۆ هەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان خستەڕوو. لەمرۆوەش ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزیری ناوخۆی پەسەند کرد، بۆ دروستکردنی سندوقێکی هەمیشەیی فریاکەوتنی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان بۆ هاندانی حکومەتی فیدراڵی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ولایەنە کۆمەک بەخش و رێکخراوە مرۆییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ناوخۆو دەرەوە بۆ بەشداریکردن لەم سندوقەدا.
لە برگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا، خستنەڕووی دوا هەنگاوەکانی ئامادەکردنی كارنامەی چوار ساڵەی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت بوو لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون راپۆرتێکی خستەڕوو، بڕیارە لە نزیکترین دەرفەتدا پەسەند بکرێت و جێبەجێ بکرێت، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە سەر پەلەکردن لە ئامادەکردنەوەی پڕۆژە یاسای چاکسازی و پەسەندکردنی کرد، بەمەبەستی ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان وەک کارە لەپێشینەکانی هیڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەم.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، پێشنیاری هەمواری یەکەمی پەیڕەوی پێکهێنانی ئەنجومەنەکانی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیرانیش پێشنیاری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری پەسەند کرد بۆ هەمواری پەیڕەوەکە بەڕەچاوکردنی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە لایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکان خرانەڕوو.