په‌یامێكی نه‌وشێروان ئاشكرا ده‌بێـت

خواكوڕك

نه‌وشێروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستانه‌ بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی، په‌یامێكی بۆ سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی له‌ نێو جڤاتی نیشتمانی ناردووه‌.

په‌یامه‌كه‌ی نه‌وشێروان تایبه‌ته‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی نێوان پارتی و گۆڕان، له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی كه‌ داوای ئاشته‌وایی سیاسی و نیشتمانی له‌ حزبه‌كان ده‌كات.

مالپه‌ڕی ئێن ئاڕتی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، لەچەند رۆژی رابردودا نەوشیروان مستەفا لەگەڵ چەند سەركردەیەكی گۆڕاندا بەتەلەفۆن قسەی كردوە.

به‌پێی زانیاری نێو هه‌واڵه‌كه‌، راسپاردەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەو سەركردانە ئەوە بووە، ئەگەر پارتی جدی بوو لەچارەسەركردنی دۆخی هەرێم، ئەوا ئەوانیش هەنگاوی جدی بنێن بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان.

هه‌روه‌ها له‌ نه‌وشێروان پێی راگه‌یاندوون، كه‌ ئه‌گه‌ر پارتی جدیش نەبوو ئه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌وانیش هه‌ڵوێستی دیكه‌یان هه‌بێت، و دڵنیابن دۆخەكەیان لەئێستا خراپتر نابێت.

نه‌وشێروان مسته‌فا له‌وه‌ته‌ی مانگی 9ی ئه‌مساڵه‌وه‌ بۆ جاری سێیه‌م رووی كردۆته‌وه‌ وڵاتی به‌ریتانیا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیه‌كه‌ی (وه‌ك له‌ میدیاكانی گۆڕانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌) و تا ئێستاش نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان.

له‌م دوو ساڵه‌دا ناوبراو بۆ ماوه‌ی 16 مانگ به‌ به‌رده‌وامی له‌به‌ریتانیا ماوه‌ته‌وه‌ و تا ئێستاش دیار نیه‌ كه‌ خه‌رجی خۆی و ئه‌و شانده‌ی له‌گه‌ڵیه‌تی، له‌ ئه‌ستۆی چ لایه‌نه‌كه‌.

Back to top button