سیستانی پێویستە رێگری لە دروست بوونی شەڕی ناوخۆ بكرێت و وڵات بەرەو وێرانە نەبەین

دوای ئەوەی زنجیرەیەك خۆپیشاندان پارێزگاكانی خوارو ناوەڕاستی عێراقی گرتەوە, خۆپیشاندەران داوای چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و دەست لە كاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران عادل عەبدولمەهدی دەكەن, لەگەڵا بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان مەرجەعی باڵای زۆرینەی شیعەكانی عێراق، عەلی سیستانی لە رێی وتاری هەینی كەربەلاوە پەیامێكی ئاراستەی خۆپیشاندەران و هێزە عێراقییەكان كرد.
لە وتاری هەینی ئەمڕۆ ئەحمەد سافی كەربەلایی، نوێنەر و وتارخوێنی مەرجەعیەتی شیعەكان لە كەربەلا، پەیامەكەی سیستانی خوێندەوە لە پەیامەكەیدا داوای لە خۆپیشاندەران كرد كە خۆپیشاندانەكان لە رێگای ئاشتیانە بێت و بە ئاشتیانە بەڕێوەبچن و هەروەها داوای لە هێزە ئەمنییەكان كردووە، رووبەڕووی خۆپیشاندەران نەبنەوە”.
هەروەها سیستانی لە پەیامەكەیدا رایگەیاندووە: ” پێویستە رێگە نەدرێت وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆ و وێرانە بڕاوت و رێگە نەدرێت وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆ بچێت, دەكرێت هەمووان بە نیازێكی پاكەوە هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئێستا”.
هەروەها هاتووە: “مەرجەعیەت ئیدانەی هەموو توندوتیژییەك دەكات كە دژی خۆپیشاندەرانی مەدەنی بەكارهێنراوە و پێویستە ئەوانەی توندویژیان ئەنجامداوە رووبەڕووی لێپرسینەوە بكرێنەوە. هەروەها نابێت هێزە شەڕكەرەكانی عێراق رابكێشرێنە ناو گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانەوە، بۆ ئەوەی توندوتیژی زیاتر نەیەتە ئاراوە”.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، سیستانی رایگەیاندووە، “پێویستە رێز لە ئیرادەی عێراقییەكان بگیرێت لە دەستنیشانكردنی سیستمی سیاسی و ئیداری وڵاتەكەیان، كە لە میانی راپرسییەكی گشتیی لەسەر دەستوور و هەڵبژاردنی خولیی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بەدەست هاتووە. ئەوەش بنەمایەكی نەگۆڕە و مەرجەعیەت پێوەی پەیوەستە. لەو چوارچێوەیەدا پێویستە چاكسازی بكرێت و هیچ كەس و گرووپ و لایەنێكی ناوخۆی و دەرەكی بۆی نییە مافی عێراقییەكان و ئیرادەیان لەو رووەوە زەوت بكات و رای خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت”.