ریفراندۆمی شیعەكان
زکری موسا
لە بیست و هەشتی مانگی ئابی رابردوودا ژمارەیەك لە كەسایەتی و هاووڵاتیانی شاری بەسرا سەردانی سەرۆك بارزانیان كرد. پێشتریش شاندی خەڵكی پارێزگاكانی باشووری عێراق سەردانی سەرۆك بارزانیان كردبوو. ئەوان گلەیی زۆریان لە نەبوونی خەدەمات و گوزەرانی خەراپی خەڵكی هەبوو. سەیر لەوەدا بوو بەسرا كە دەوڵەمەندترین شاری جیهانە ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتووانی نەبوو. ئەوان زۆر بە روونی باسیاندەكرد كە خەڵكی باشووری عێراق چیدی تەحەمولی نەماوە.
خۆ هاووڵاتیانی باشوور لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا پەیامیان بە دەستەڵاتدارانی عێراق دا. كەمترین رێژەی بەشداربوون تۆماركرابوو و لە هەندێک شوێن لە 11% تێپەڕی نەكردووە. لەم بەشدارییە كەمە پێشبینیی ئەوە دەكرا كە رۆژێك بێت باشوور و بەغدا بەسەر سیستەمی سیاسی تاییفییەكەی عێراقدا بتەقنەوە.
كە رژێمی پێشوو رووخا، بڕیار وا بوو عێراقی نوێ عێراقی فیدڕاڵی دیموكراتی بێت و تێیدا هەموو لایەك مافی پارێزراو بێت و دەستووریش حاكم بێت. بەڵام بینیمان لە بری ئەوە دەرگەی تۆڵەسەندنەوە لە سوننە و بێبەشكردنی كورد و پێشێلكردنی دەستوور كرایەوە و سیستەمێكی هەتا سەر ئێسقان فاسید و تاییفی خرایە سەر پێ و عێراق بووە شوێنی دەستێوەردانی دەرەكی و تەڕاتێنی بەرژەوەندیی بیانییەكان.
ئەو ناڕەزایی و گرژییەی ئێستا لەناو شەقامی شیعەدا هەیە دە ساڵ بەر لە ئێستا لەناو شەقامی سوننەدا هەبوو كە بە هاتنی داعش شێوەكەی گۆڕا و دواجار بە ئاوارەبوون و ماڵوێرانی و رووخانی ئیرادەی سیاسیی سووننە كۆتاییهات و حەشد بوو بە حاكمی موتڵەقی جیۆگرافیای سوننە.
هەر لە سەرەتاوە كورد كێشەی لەگەڵ عێراقی نوێدا هەبوو. دەستوور پێشێلكرا و چارەنووسی ماددەی 140 بە نادیاری مایەوە. كار گەییشتە ئەوەی دەستەڵاتدارانی بەغدا قووتی خەڵكی كوردستانیان بڕی. لووتكەی ناڕەزایەتیی كوردستان لە عێراقی نوێدا خۆی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی دیتەوە. لە بری گوێگرتن لەو ناڕەزایەتییە رەوایە، عەبادی بە حەماقەت و كەلەڕەقی وەڵامی دایەوە و بۆ رێگەگرتن لە ریفراندۆم پشتی بە گەلەكۆمەكێی ئیقلیمی و ناپاكی هەندێ كورد بەست.
عێراقی نوێی فاسیدی تاییفی رێگەی سەركوتكاری بۆ ناڕەزایەتیی كورد و سوننە گرتەبەر. ئێستا شەقامی شیعە لە چەشنی كورد و سوننە لە عێراقە فاسیدە تاییفییەكە ناڕازییە. لە راستیدا ئەوەی لە باشوور دەگوزەرێ ریفراندۆمی هاووڵاتیانی شیعەیە، بەڵام بەشێوەیەكی جیاواز لە كورد. ئەوانیش وەك كورد و سوننە تەنگیان پێ هەڵچنراوە و ناتوان چیدی بەرگە بگرن. چیتر قسەی خۆش و نمایشەكانی موقتەدا و پەیامەكانی مەرجەعییەت و قسەی پاڵەوانانی سەركوتكردنی سوننە و كورد شەقامی شیعی هێور ناكاتەوە. دەستێوەردانی دەرەكی و كۆدەتا و زەبروزەنگیش دادی ئەوانە نادات كە پازدە ساڵە دەستیان لە خەراپەكاری و گەندەڵی و تایفەگەریدا هەبووە.
عێراقی نوێ پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەیە. داڕشتنەوەیەك كە وەڵامێكی واقعیانە و راست و دروستی یاخیبوونی سووننەكان و ریفراندۆمی كوردستان و شۆڕشی شەقامی شیعە بداتەوە. ئەگەر هەر دەستكارییەك لە سیستەمی سیاسی و دەستووردا بكرێت پێویستە لە بەرژەوەندیی كورد و سووننە و شیعەدا بێت. هەر سێ پێكهاتە ئازار دراون و ناڕازین. ئەگەر هەوڵ بدرێت لەسەر حیسابی پێكهاتەیەك خەڵكی دیکە رازی بكرێت ئەوە عێراق دەگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەكەم و ئەم سووڕە بێكۆتاییە بەردەوام دەبێت.