سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی گوتەبێژی یەکێتی دایەوە

د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، دەربارەی لێدوانی لە تیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

کەمێک لەمەوبەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا، دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیدا، چەند ڕوونکردنەوەیەکی گرنگی خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە هەندێک لایەنی سیاسی لە ڕواڵەتدا داوا دەکەن حزب دەستێوەردان لە حکوومەتدا نەکات، بەڵام پێچەوانەی درووشمەکانیان، دەیانەوێت دەستێوەردان بکەن و فشار بکەن و بگرە مەرج بۆ کارەکانی حکوومەت دابنێن.

لەبارەی پڕکردنەوەی پۆستەکانی خوار وەزیریش رای گەیاند: ”یەکێتی تائێستا کاندیدەکانی بۆ ئەو پۆستانە دیاری نەکردووە لەبەر هەر هۆکارێک بێت، تاوەکوو حکومەت بۆیان دابمەزرێنێت“.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەو دەنگۆیانە کرد کە لەبارەی دانانی یاریدەدەرەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو دەکرێنەوە و گوتی: ”بەپێی یاسا، دانانی یاریدەدەر لە دەسەڵاتی سەرۆکی حکوومەتە، یاریدەدەرەکان نەبوونەتە بەدیلی وەزیرەکان و ناشبن، ئەمەش پێچەوانەی یاسا نییە، بەڵکوو پێچەوانەی ئەو پروپاگەندەیەیە کە دەڵێن یاریدەدەرەکان بوونەتە حکوومەتێکی بچووک“.

هەرچی پەیوەندی بە بابەتی ئەنجومەنی باڵای نەوت و غازەوە هەیە، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رای گەیاند: ”لە کاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەت، ڕێککەوتن کرابوو کە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ببێتە ئەندامی ئەنجومەنەکە، بەداخەوە یەکێتی پاشگەز بۆتەوە“.

گوتیشی: ”باس لەوە کراوە کە هاووڵاتییان لەسەر باوەڕی سیاسی گیراوە، ئێمە لە حکوومەت دژی گرتنی هاووڵاتییانین لەسەر بیروڕای سیاسی و پابەندین کە نەیەڵین کەس لەسەر باوەڕی سیاسی بگیرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەگەر کەسێک تۆمەتبار بێت یان سەرپێچییەک بکات، بێگومان ئەو کەسە پێویستە لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێ و پارێزبەندی نەبێت“.

لەبارەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە بەغدا کە واباسکراوە نوێنەرایەتییەکە لەم کابینەیە درووست کراوە، ئومێد سەباح رای گەیاند: ”ئەمە راست نییە و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا لە ٢٠٠٦ەوە تائێستا هەبووە و سەرۆکەکەی بە پلەی وەزیر بووە، تەنها ئێستا پۆستەکە پڕکراوەتەوە و دەزگاکە کارا کراوە“.

هاوکات باسی ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی حکوومەتدا، بەتایبەتیش ڕێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی، هیچ ئاماژەیەکی بە دانانی وەزیرێک بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی باوەڕی بە توانای خالید شوانی، بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا ڕای سپاردووە.

لەکۆتاییشدا داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد، پاڵپشتی ئەو کەشە ئیجابییە بکەن کە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووەتە ئاراوە.

Back to top button