پەرلەمانتارێك: كوتلە گەورەكانی پەرلەمان پشتوانی لە مانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەكەن

 

لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان لە چەند پارێزگایەكی خواروو ناوەڕاستی عێراق, هاوكات موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر كە سەركردایەتی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دەكات داوای دەست لە كار كێشانەوەی عەبدولمەهدی دەكات,پەرلەمانتارێكیش رایدەگەیەنێت پرسی دەست لە كار كێشانەوەی سەرۆك وەزیران پەرلەمانی دابەشی سەر دوو را كردووە.
نەدا شاكر جەودەت لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان دابەشبونی گەورە لەنێوانیاندا دروستبوە بەتایبەت لەنێوان فراكسیۆنە گەورەكان و بچوكەكاندا، گەورەكان رەتیدەكەنەوە عادل عەبدولمەهدی لەسەركارلاببرێت، چونكە سودی زۆریان لێ بینیوە و بچوكەكانیش داوای گەڕانەوەی مافی گەل و لەسەركارلابردنی حكومەت و راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی دەكەن.
گوتیشی “هیوام وایە شۆڕشی گەل بەردەوام بێت لەپێناو لەناوبردنی سیستمی دابەشكاری، كە هەموو شتێكی لەم وڵاتەدا لەناوبردوە و هۆكاربوە بۆ خراپبونی بارودۆخی ئابوری و خزمەتگوزاری و پەراوێزخستنی تواناكان”.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد، دۆخی پەرلەمان بەجۆرێكە دابەشبوە لەنێوان پشتیوانانی حكومەت و خۆپیشاندەراندا و بەشێكیش تەنها لە راگەیاندنەوە دژی حكومەتن و سودی زۆریان لە حكومەت بینیوە، وەك كورد كە ترسیان لە لابردنی عادل عەبدولمەهدی هەیە.

Back to top button