خۆپیشاندەران: بە فەرمانی گەل ناوی شەقامی خومەینی لەنەجەف دەگۆڕین، نابێت ناوی خومەینی لە عێراق بمێنێت ئێرە ئێران نیە
دوای چەندین هەفتە لە خۆپیشاندانی بەردەوام لە شارەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق کە جگە لەوەی داوای چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی دەکەن داوای دەرچونی ئێران لە عێراق دەکەن، لە درێژەی خۆپیشاندانەکان خۆپیشاندەران ناوی شەقامی ئیمام خومەینیان گۆڕی
خۆپیشاندەران لەگەڵ بەرزکردنەوەی درووشمی نیگەرانییان لە باڵادەستیی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق، لە شەقامی ئیمام خومەینی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف، پۆستەرێکی گەورەیان لەسەر پردێکی شەقامەکە هەڵواسیوە و تێیدا نووسیویانە: (بەفەرمانی گەل، شەقامی شەهیدانی شۆڕشی تشرین).
گۆڕینی ناوی شەقامەکە پاش ئەوە هات کە پێشتریش چالاکوانانی نەجەف ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە ناونانی شەقامەکە بە ئیمام خومەینی دەربڕیوە و لە ڕێگەی هاشتاگێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بە دەستەواژەی (شەقامی فڕۆکەخانەی نەجەفی عێراقی نەک ئێرانی)، گوزارشتیان لەم ناڕەزایەتییەیان کردبوو