ئه‌م 5 ئه‌ستێره‌یه‌ متمانه‌ی زیدانیان له‌ده‌ستداوه‌

زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ دۆخێكی ناجێگیر تێپه‌ڕ ده‌كات، به‌هۆیه‌وه‌ 13 جار پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی گۆڕیوه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه‌ متمانه‌ی خۆی به‌م 5 یاریزانه‌ بكات و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتیان پێببه‌ستێت.

1ـ ئیبراهیم دیاز:

ئه‌م هێرشبه‌ره‌ ئیسپانییه‌ له‌ زستانی رابردوو له‌ یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتییه‌وه‌ به‌ 16 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ ریال مه‌درید، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه‌ متمانه‌ی زیزۆ به‌ده‌ستبێنێت، به‌هۆی پێكانیشه‌وه‌ له‌ پلانه‌كانی زێدن دوورخراوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی زێدان له‌ دوایین پرێس كۆنفرانس ستایشی ئه‌و یاریزانه‌ی كرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئیبراهیم دیاز خاوه‌نی به‌هره‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ و به‌ڵام پێویستی به‌ كاته‌.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ رۆژنامه‌ی ماركا له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ زێدان بڕیاری داوه‌ ئیبراهیم دیاز له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ به‌شێوه‌ی خواستن به‌ڕێبكات.

2ـ ئالفونسی ئاریۆلا:

ئه‌م گۆڵپارێزه‌ فره‌نسییه‌ له‌ ده‌ستخستنی متمانه‌ی زێدان شكستی هێناوه‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی به‌رامبه‌ر گرنادا به‌شداریی كرد، ریال یارییه‌كه‌ی به‌ 4 گۆڵ به‌رامبه‌ر 2 گۆڵ برده‌وه‌.

ئه‌م گۆڵپارێزه‌، له‌ هاوینی ئه‌مساڵ له‌ یانه‌ی پاریس سانجێرمانه‌وه‌ بۆ یانه‌ی ریال مه‌درید گواسترایه‌وه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ شوێنی خۆی له‌ پێكهاته‌ی ریال مه‌درید بكاته‌وه‌ و زیاتر كۆرتوا به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی یاری ده‌كات.

3ـ ماریانۆ دیاز:

دوای ئه‌وه‌ی ریال مه‌درید لوكا یوڤیچی گواسته‌وه‌، به‌ ته‌واوه‌تی ماریانۆ دیاز هیوای به‌شداریكردن له‌ پێكهاته‌ی زێدان له‌ده‌ستدا، ئه‌گه‌رچی زێدان له‌م هاوینه‌ گڵۆپی سه‌وزی بۆ رۆیشتن بۆ ماریانۆ دیاز هه‌ڵكرد بوو، به‌ڵام ئیداره‌ی یانه‌كه‌ چاوه‌ڕێی ئۆفه‌رێكی باشیان ده‌كرد كه‌چی پێیان نه‌گه‌یشت.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانیا، زێدان و پێرێز رێككه‌وتوون له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ ئه‌م یاریزانه‌ بفرۆشن.

4ـ ئالڤارۆ ئۆدریوزولا:

ئه‌م به‌رگریكاره‌ ته‌مه‌ن 23 ساڵییه‌، له‌ هاوینی 2018 له‌ یانه‌ی ریال سوسیدادوه‌ به‌ به‌های 30 ملیۆن یۆرۆ گواسترایه‌وه‌ ریال مه‌درید، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ به‌شێك له‌ یارییه‌كان هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی كرد و ریال مه‌درید زۆر ئارامی له‌سه‌ر گرت و ده‌رفه‌تی باشی پێدا، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ پێگه‌ی خۆی له‌ پێكهاته‌ی زیزۆ بسه‌لمێنێت و دووره‌ له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یانه‌كه‌.

5ـ فێرلاند مێندی:

ئه‌م یاریزانه‌ یه‌كێك بوو له‌ دیارترین گرێبه‌سته‌كه‌ی ئه‌م هاوینه‌ی یانه‌ی ریال مه‌درید، به‌ڵام به‌هۆی پێكانه‌كانییه‌وه‌ تووشی گرفتی گه‌وره‌ هات و ئاستیشی به‌ره‌و دابه‌زین رۆیشت و هێشتا نه‌یتوانیوه‌ شوێنی خۆی له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بكاته‌وه‌.

فێرلاند مێندی ته‌مه‌ن 23 ساڵ، له‌ له‌ چه‌پی به‌رگری یاری ده‌كات و له‌م هاوینه‌ به‌ 48 ملیۆن یۆرۆ له‌ یانه‌ی لیۆنه‌وه‌ روویكرده‌ ریال مه‌درید، له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان ته‌نیا به‌شداریی له‌ 3 یاری كردووه‌ و 270 خوله‌ك یاری كردووه‌.

 

Back to top button