ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر زیندانیكردنی سەلاحەدین دەمیرتاشدا تێپەڕ دەبێت

رۆژی (4/11/2016) سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بە تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ تیرۆر و دژایەتی دەوڵەت، لەلایەن پۆلیسی توركیاوە دەستگیركرا، ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر زیندانیكردنیدا تێدەپەڕێت، سەرەڕای دەرچونی بڕیاری ئازادكردنی لەلایەن دادگاوە، بەڵام تائێستا لە زینداندایە.

لە سەرەتای هەڵمەتەكەی دەسەڵاتدارانی توركیا، بۆ دەستگیركردنی پەرلەمانتاران و سەرۆكی شارەوانییەكانی باكوری كوردستان، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەگداغ هاوسەرۆكانی هەدەپە و نۆ پەرلەمانتاری دیكەی ئەو پارتە بە تۆمەتی پاڵپشتی پەكەكە دەستگیركران.

دەستگیركردنی چالاك و بەرپرسانی كورد، دوای ساڵێك هات بەسەر سەركەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنی حەوتی حوزەیران و تێپەڕاندنی بەربەستی (10%) بۆ چونە پەرلەمان.

پێشتریش دەمیرتاش رایگەیاندبوو، هۆكاری دەستگیركردنەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەركەوتنیان لە هەڵبژاردن و تێپەڕاندنی كۆت و بەندی (10%)ی هەڵبژاردن.

جگە لە دەمیرتاش و یوكسەگداغ، نزیكەی (100) پەرلەرمانتار و سەرۆكی شارەوانیی باكوری كوردستان بە تۆمەتی ئەندامێتی و پاڵپشتی پەكەكە دەستگیركراون و لە زیندانەكانی توركیادان.

لە ماوەی سێ ساڵی زیندانیكردنیدا، دەمیرتاش چەندین جار دادگایی كراوەو داواكاری گشتی توركیاش نزیكەی (100) سكاڵای لە دژی جوڵاندوە، دو جاریش داوای كردوە سەڵاحەدین دەمیرتاش بە زیندانی هەتا هەتایی مەحكوم بكرێت و تا ئێستاش سكاڵا و پڕۆسەی دادگایكردنەكان بەردەوامن.

ئەمڕۆ ٣ ساڵ بەسەر زیندانیكردنی دەمیرتاش و هاوڕێكانی تێپەڕ دەبێت، روونیش نییە ئاخۆ ئەوان هەر لە زینداندا دەمێننەوە، یان دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر توركیا و ناچاری دەكات ئازادیان بكات. چونكە وەكوو ئەوەی نووسەری دیاری توركیا یاڵچن دۆغان ئاماژەی بۆ دابوو، توركیا ناتوانێت بە هەموو بڕیارێكی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڵێت نەخێر، چونكە ئەنجامەكەی قورس لەسەر توركیا دەكەوێت.

زۆرێك لە شڕۆڤەكارانیش پێیان وایە، ئازادكردنی دەمیرتاش پێویستی بە بڕیاری دادگای توركیا نییە، چونكە دادگای توركیا بە سیاسی كراوە و بڕیارێكی لەو شێوەیە نادات، تاكە رێگەی ئازادكردنی دەمیرتاش و هاوڕێكانی، بڕیارێكە لە دەرەوەی دادگای توركیا.

 

Back to top button