ئێران به‌رهه‌م هێنانی یۆرانیۆم بۆ 10 هێنده‌ زیاد ده‌كه‌ین

 

له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی وڵاتانی جیهانی و ئابلۆقه‌ی ئابوری ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئه‌و وڵاته‌، سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی دوو ئامێری نوێی پیتاندنی یۆرانیۆمی دامەزراندوە و لە ئێستادا رۆژانە پێنج کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بەرهەم دەهێنن.

عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ بنكه‌ی ئه‌تۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان رایگەیاند، لەماوەی دوو مانگی رابردودا، دوو ئامێری نوێی پیتاندنی یۆرانیۆمیان دامەزراندوە کە پیتاندنی یۆرانیۆمیان بەڕێژەی ده‌ هێندەی پێشوتر بەرز کردۆتەوە. هه‌روه‌ها لەماوەی ئەو دوو مانگەدا پازده‌ ئامێری پێشکەوتوی نوێیان خستوەتە کار بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.

ساڵحی سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران روونیشیکردەوە، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نەوەستێنراوە، لە ئێستاشدا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمان بۆ پێنج کیلۆگرام بەرزکردۆتەوە. گوتیشی، تاران لە ئێستادا زیاتر لە شه‌ست ئامێری پیتاندنی ئه‌تۆمی لە وێستگەی نەتەنز هەیە، لە ماوەی چوار ساڵی رابردودا سی ئامێری پێشکەوتویان به‌كار خستووه‌ و له‌ئێستاشدا ژماره‌ی ئەو ئامێرانه‌ زیادی کردووە.

ئەو هەنگاوە بە چوارەمین هەنگاوی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کەمکردنەوەی پابەندیەکانی بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی دوو هه‌زار پازده‌ دادەنرێت.

Back to top button