بۆ ئەو بەڕێزانەی بە ناوی کوردایەتی قەڵس دەبن

 
هەڵوێست میرانی
 
لە ئێستادا لای هەندێ کۆلکە نوسەر وا باوە شەق لە کوردایەتی هەڵبدەی ، ئەو بەڕێزانە مێشکی کۆمەڵێک گەنجیان قانگ داوە کە هەرچی بەلای وشەی کوردایەتی دابچێ ئیلا و بیلا دەبی نەفرەتی لێ بکەی ، ئەگەرچی ئەو دەنگ و سەدایانە وەک ئەو مێشولەیە وایە کاتێک دەکەوێتە ناو مەنجەڵێک خواردن ، مەنجەڵە خواردنەکە پیس نابێ بەڵام سەرو دڵی ئەو کەسانە دەگرێ کە خواردنەکە دەخۆن .
بۆیە ئەو دەنگانە ناتوانن لە پیرۆزی وشەی کوردایەتی کەم کەنەوە ، بەڵام ئێمەی ئەهلی کوردایەتی هەندێ جار سەرو دڵمان پێی دەگیرێ و ناچار بە قسەمان دێنن .
ئێمە لە سەر ڕێبازی کوردایەتیەک پەروەردە کراوین کە نەتەوەی غەیرە کورد ڕەت ناکاتەوە بەڵکو قەناعەتمان وایە ئەو نیشتیمانەی خەون بە بنیاد نانی دەبینین و هەوڵی بۆ بنیادنانی دەدەین دەبێتە چەترێک بۆ کورد و نەتەوەکانی تر لە پاڵ نەتەوەی کورد وەک برا و هاوڵاتی پلە یەک مافەکانیان دەستەبەر بکەن ، بە واتایەکی تر نەک قەناعەتمان بە ناسیۆنالیزمی نازیزم نیە ، بەڵکو دژی ئەو حزب و کەسانەش دەوەستینەوە کە بەو نەفەسە کوردایەتی دەکەن ، لە بەرامبەریشدا سوپاسگوزاڕین کە بە کوردی لە دایک بووین و شانازیش بە زمان و کلتور و فەرهەنگی کوردی دەکەین و لە پێناو پاراستنی شوناسی نەتەوەی کورد ئامادەی هەموو قوربانیەکین .
نەک وەک هەندێ قەڵەم بەدەست ڕۆژانە لە سۆشیال مێدیا نوزە نوزیان دەگاتە کەشکەڵانی فەلەک و گلەیی لەوە دەکەن بۆ بە کوردی لە دایک بوون، مرۆڤ لە ئەزەلەوە ناتوانێ نەژادی خۆی بگۆڕێ دەنا دەمێک بوو ناوی خوایان لە گۆڕینی هێنا بوو .
خوێندنەوەی ئەو بەڕێزانە بۆ کوردایەتی خوێندنەوەیەکی ناڕوونە و نا واقیعیە ، چونکە کوردایەتی لە قالب نادرێ و جل و بەرگ نیە تا بە باڵای حزبێک بیدوری ، کوردایەتی مێژوویەکی پڕ لە خەبات و ڕەنجی گەلێکی ستەملێکراوە کە هەزاران ساڵە لە زێدی خۆی نیشتەجێ یە و دەیان ساڵە دەسەڵاتدارانی عەرەب و تورک و فارس لە زێدی خۆی ئازادی پێ ڕەوا نابینن .
 
ئێمەی ئەهلی کوردایەتی شانازی بەوە دەکەین لە هەولێر نەتەوەی غەیرە کورد نەک مافی پارێزراوە بەڵکو لە کورد زیاتر قەدرگیراون و ئازادانە و سەر بەرزانەش مومارەسەی مافە سیاسی و کلتوری و ئاینیەکانیان دەکەن ، تەحەددا دەکەم ئەو کەشەی بۆ ئازادی گەلان و ئاینزاکان لە هەولێر ڕەخساوە لە هیچ کام لەو شارانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە هاوشێوەی هەولێر فرە نەتەوە و ئاینن ڕەخسابێ .
دڵخۆشم ئەو ئەزموونەی هەولێر بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان گوازرایەوە و سەرکەوتوانە برایەتی گەلانیان لەو ستاتۆیە پراکتیزە کرد و هەموویان لە ژێر چەترێک کۆکردەوە ، لە کاتێکدا بەرپرسانی ڕۆژئاڤا و هاوڵاتیانی کورد بە گشتی ڕۆژانە لە چاوپکەوتنەکانیان شانازی بە کورد بوونی خۆیان دەکەن و بەهێزەوەش بەرگری لە شوناسی نەتەوەی کورد دەکەن .
Back to top button