پارتی پیلانێك لەسەر كەركووك ئاشكرا دەكات

خواكوڕك
لەدوای ئەوەی بە ئاگاداری پارێزگای كەركوك و لایەنێكی سیاسی لیوایەكی حەشدی شەعبی لە كەركوك جێگیركرا كە ژمارەیان چەند سەد كەسێك دەبوو لە ئێستادا تا دێت ژمارەی چەكدارانی حەشدی شەعبی زیاد دەكرێن, ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك دەڵێ، بە ئاسانكاریی لایەنێكی سیاسی، سیاسەتی هێنانی حەشدی شەعبی بۆ شاری كەركوك بەردەوامە و، پرۆسەی هێنان زۆر فراوان بووە و چەندان بارەگایان كردووەتەوە.
(د.محەممەد خورشید) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك بە مالپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە:” ماوەیەكە لەلایەن ئیدارەی كەركووكەوە رێگە دراوە بەهاتنی هەندێك هێزی نامۆی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە شیعەنشینەكانی شاری كەركووك وەك تازە و خورماتوو.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دەشلێت:” لای كەركووكییەكان ڕوون و ئاشكرایە كە ئەم هێزانە چەندە ناكارامە و ناشارەزان، بە تایبەت لەو 9 هێرشەی كردیانە سەر گوندی بەشیر كە نەیانتوانی كۆنترۆڵی بكەن، تا دواجار هێزی پێشمەرگە كۆنترۆڵی كردەوە. بەڵام سیاسەتی هێنانی حەشدی شەعبی بۆ شاری كەركووك بەردەوامە و ئێشستا زۆر فراوان بووە و چەندان بارەگایان كردوونەتەوە بەتایبەتیش لە گەرەكی تسعین.”

(د.محەممەد خورشید)چەند نهێنیەكی ئەمنی لە كەركوك ئاشكرا دەكات دەڵێت:” هێزەكانی پۆلیس لەناو شاری كەركووك دەستیان گرتووە بەسەر چەند باڵاخانەیەكدا پڕ بووە لە چەك و تەقەمەنی، دواتر دەركەوتووە كە ئەمانیش هەر لەلایەن هێزی حەشدی شەعبییەوە هێنراوە. بەڵام لەبەرانبەردا ئیدارەی كەركووك نەیهێشتووە پۆلیس دەست بەسەر ئەم چەكانەدا بگرێت.”

(د. محەمەد خورشید) راشگەیاند بە هاوكاری چەند لایەنێك ئەم هێزانە جێگیر كراون دەڵێت “بە ئاسانكاریی لایەنێكی سیاسی، حەشدی شەعبی خەرێكی دروستكردنی هێزێكی فراوانن لە شاری كەركووك كە پێكهاتووە لە دوو لیوا، چەند لایەنێكی كوردییش لە ئاستی بەرز خەڵكانێكی خۆیان ناردووەتە ناو ئەم هێزەوە”، هەروەها بە پێویستی دەزانێ ”دەبێ ئێمەی كورد زۆر بە وردی چاودێریی رەوشی كەركووك بكەین، دیارە دوژمنانی كورد دیسانەوە چاویان بڕیوەتەوە كەركووك و بەهەر شێوەیەك بێت دەیانەوێت هێز بێننەوە نێو شارەوە. خۆ تەنیا شوێنێكیش لە كەركووك كە تائێستا ئەم هێزە نامۆیانەی تێنەكەوتووە، میحوەری رۆژئاوای كەركووكە كە بەرپرسەكەی (د.كەمال كەركووكی)ـیە.”

لە كۆتای قسەكانیدا ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دەڵێت: ” ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان رەتی دەكەینەوە هیچ هێزێكی نامۆ بێتە شاری كەركووك؛ ئاخر نابێ رێگە بە هاتنەوەی ئەم هێزە عێراقیانە بدرێت. دەبێ دەرەوەی شار پێشمەرگە بیپارێزێ و ناوەوەیش پۆلیس و ئاسایش پارێزگاری لێ بكەن كە ئەوانیش ئەندامانی هەموو پێكهاتەكانی تێدان.”
شایەنی باسە بە پێی زانیاریەكانی (خواكوڕك) لە كەركوك, ماوەی چەند ڕۆژێكە لە سنوری مەڵبەندی 2ی كەركوك یەكێتی خەریكی ناو نوسینە بۆ حەشدی شەعبی , تا ئێستا 1000 كەس بە تەسكیەی مەڵبەندی یەكێتی فۆرمیان بۆ پڕكراوەتەوە ، تەواوی ئەو 1000 كەسە كوردن و ئەندام لایەنگری یەكێتین . وابریارە ئەو هێزە لە ژێر چاودێری مەڵبەندی یەكێتیدا بێت .

Back to top button