لەماوەی دوورۆژی رابردووی خۆپیشاندانەكانی عیراقدا 13 خۆپیشاندەر كوژراون
ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرایكرد لە ماوەی دوو رۆژی پێشووی خۆپیشاندانەكانی عیراق 13 خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنیە عیراقییەكان و چەكدارانی لایەنگری كوژراون.
لە راپۆرتێكدا رۆیتەرز لەسەر دۆخی عیراق و بەردەوامی خۆپیشاندانەكان بلآوی كردەوە كە دوو شەممە لە خۆپیشاندانەكاندا هەشت كەس كوژراون، پاشان لە دەمەو بەیانی دوێنێ سێشەممە پێنجی دیكە بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان كوژراون كە یەكێكیان لە كاتی ناشتنی تەرمی خۆپیشاندەرێك كوژراوە.
بەو جۆرە ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی عیراق نزیكە بە 280 كەس لەو كاتەوەی خۆپیشاندان سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم دەستی پێكرد، كە هەندێكیان بە غازی ژەهراوی و فرمێسك رێژ كوژراون، هەندێكیشیان بە گوللە كوژراون، ژمارەی بریندارەكانیش 12 هەزاری تێپەڕاندووە.