ئەنجومەنى وەزیران بڕیارى دامەزراندن و بە هەمیشەى کردنى مامۆستایانى گرێبەستى دەرکرد
دواى ئەوەى ئەمڕؤ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێک لە نێوانیندا پرسى مامۆستایانى گرێبەست بوو.
لە کۆبوونەوەکە دواى ئەوەى مەسرور بارزانى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان تیشکی خستە سەر کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری عێراق و لایەنە کوردستانییەکان کە تێیدا جەخت لەسەر یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان کرایەوە لە بەغدا و، بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لە سەر ئەوەی، نابێت مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق کەم بکرێنەوە.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران گفتوگۆکردن بوو لە بارەى مامۆستایانى گرێبەست و بە رەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم مامۆستا گرێبەستانە ماوەی چەندین ساڵە لە بواری پەروەردەوە خزمەت دەکەن و پێداویستی بواری پەروەردەیان پڕ کردووەتەوە. پاشان ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە مامۆستایانى گرێبەست بکرێنە هەمیشەى.
هەروەها لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو دەربارەی ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە مووچە وئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانی و راگیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان راپۆرتێکی فراوانی دەربارەی ئەم بابەتە خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە سەر بەردەوامبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش لە گفتوگۆدا دەبێت لە سەر ئەم بابەتە.