مەسرور بارزانی: بەهەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە

له‌ میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی دووه‌مین رۆژی دیداری مێری ئه‌مڕۆ به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پانێلێك به‌ڕێوه‌چوو، له‌ پانێله‌كه‌دا سه‌رۆكی حكومه‌ت تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به‌ دۆخی هه‌نووكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و دۆخی ناوخۆی حكومه‌تی عێراق و خۆپیشاندانه‌كان، له‌ پانێله‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ به‌ هه‌موو توانایه‌ك رووبه‌وڕووی گه‌نده‌ڵی ده‌بنه‌وه‌.

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: “لەسەرەتاوە گوتوومە کە دژی گەندەڵیم، هەموو هەوڵێکم داوە و دەیشیدەم بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت. لەهەموو جیهانیش گەندەڵی هەیە بەڵام رێژەییە، ناتوانین بڵێین لە هیچ شوێنێکی جیهان گەندەڵی نییە. گەندەڵیش تەنیا گەندەڵی دارایی نییە، بۆ نموونە لە خراپ بەکارهێنانی کات، خۆ ئەوەش گەندەڵییە، دەوام نەکردنی ئەو فەرمانبەرەی کە دەبوایە لە خزمەتی خەڵکی کوردستان لەو ماوەیەی بۆی دانراوە دەوام بکات بەڵام کارەکەی خۆی بەجێدێڵێ، ئەمەش گەندەڵییە”.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند: “بڕیاری ئێمە ئەوە بووە هەرکەسێک فەرمانبەری حکومەتە خزمەتکاری خەڵکە، ئەو کەسەی لەوێ دادەنرێ بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵک بکات دەبێ خزمەتی خەڵکەکە بکات، دەبێ مەمنوونیش بێت هاووڵاتی لێی رازی بێت نەک منەتی بەسەردا بکات، ئەمە سیاسەتی ئێمە بووە و لەسەر ئەمەش رۆشتووین. زۆریش خۆشحاڵم کە ئەوەی دەیبیستمەوە ئەوەیە کە خەڵک لەوە رازین کە ئەو دەوامە رێکخراوەتەوە”.

هه‌روه‌ها له‌ به‌ شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا رایگه‌یاند: ئەوەی ئێمە لەم کابینەیە توانیومانە بیکەیەن لەسەرەتاوە بڕیارمانداوە کە دەبێت دەوام رێکبخرێت. چونکە خەڵک متمانەی سەرەکییان لەسەر ئەو فەرمانبەرەیە کە دەوامی خۆی دەکات و بەرپرسە لە جێبەجێکردنی کارەکانی هاونیشتمانیان ، کەسێک لە شوێنێکی دوورەوە دێتە هەولێر و دەبێت پارەی تەکسی بدات یان پارەی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بدات و کارێکی خۆی بەجێبێڵی و دێت بۆ ئەوەی کارێکی خۆی رایی بکات، ئەم کارە ئەگەر بە دووکاژێر دەکرێت بەڵام بەهۆی نەبوونی فەرمانبەرەکە بۆی ناکەن و دەبێتە دوومانگ، ئەمەش گەندەڵییە.

مەسروور بارزانی راگرتنی هەموو ئەو هۆکارانەی کە گەندەڵییان پێوەدەکرا بە نیوەی چارەسەرکردنی گەندەڵی ناودەبات، ئەو دەڵێت: “نیوەی چارەسەرکردنی گەندەڵی ئەوەیە تۆ رێگەبگری چیدیکە نەکرێ. ئەوەی دەمێنێتەوە پێداچوونەوە بەو شوێنانە یان ئەو بابەتانەیە کە لەوانەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان گەندەڵییان تێدا کرابێت. ئەمەش بە قسە ناکرێت و دەبێ بە دۆکیۆمێنت بێت و دڵنیابین کە بە چ شێوەیەک کراوە. ئێمە زۆر جیدین بۆ ئەوەی بەهەر شێوەیەک بێت ئەو دیاردەیە زۆر زۆر کز بکەین و خوا یارمەتیدەربێت بەرەو نەمانی ببەین”.

Back to top button