به‌ ڤیدیۆ: پاریس سانجێرمان گەیشتە 16 و ریال مەدریدیش نوێنەرەکەی تورکیای گۆڵبارانکرد

یانەی ریال مەدرید گۆڵبارانی یانەی گالاتاسەرای تورکی کردو پێیەکی لە قۆناخی ١٦ دانا، دوای ئەوەی بە ئەنجامی شەش گۆڵی بێ وەڵام لێیبردەوە.

ئەمە دووبارەکردنەوەی سەرکەوتنەکەی لۆس گالاکتیکۆس بوو بەسەر گالاتاسەرای کە لە یاری پێشوودا لێیبردبووەوە بەڵام ئەمجارە ئەنجامەکە زۆر قورس بوو، کوڕانی زیزۆ شەش گۆڵیان کرد و گۆڵەکەشیان پاراست، جگە لەوەش ئەمە یەکەم بردنەوەی یانەی شاهانەبوو لە یاریگەی خۆیدا لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەم وەرزە.

لە چارەگی یەکەمدا یانەی ریال مەدرید سێ گۆڵیانکرد، پاڵەوانی سێ گۆڵەکە بەرازیلییەکان بوون، رۆدریگۆ دوو گۆڵی کرد و مارسێلۆش دوو ئاسیست، گۆڵەکەی دیکەش رامۆس بە لێدانی سزا کردی، هەر لەم گێمەدا رۆدریگۆ ئاسیستێکی بۆ بنزیما کرد و گۆڵی چوارەمی کرد.

کەریم گۆڵی پێنجەمی ریال و دووەمی خۆی لە یارییەکەدا لە نیوەی دووەمدا هێنا، لە خولەکی ٩٣ـدا رۆدریگۆ یەکەم هاتریکی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید تۆمارکرد و سەرکەوتنی دووەمی لەسەریەکی بۆ یانەی شاهانە لە کۆمەڵەی یەکەمدا بەدەستهێنا.

گۆڵەکانی ریال مەدرید بەرامبەر بە گالاتاسەرای

لە یارییەکی دیکەی کۆمەڵەی یەکەمدا، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەفەرمی وەک یەکەم یانەی ئەم کۆمەڵەیە خۆی گەیاندە قۆناخی ١٦، ئەمەش دوای ئەوەی لە یاریگەی خۆیدا لە یانەی کلەب برووجی بەلجیکی بردەوە.

لە خولەکی ٧٦ـدا ئێمپای دیالی، لێدانێکی سزای بۆ یانەی کلەب برووج لەدەستدا، کە کەیلۆر ناڤاس گەڕاندییەوە.

سەرکەوتنەکەی پاریس بە تاکە گۆڵێکی ئیکاردی بوو کە لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا کردی و یانە پاریسییەکە کۆی خاڵەکانی گەیاندە ١٢ خاڵ و بەفەرمی گەیشتە قۆناخی داهاتوو.

پلەی دووەمی کۆمەڵەکەش بۆ ریال مەدریدە کە خاوەنی حەوت خاڵە، کلەب برووج دوو خاڵی هەیە و گالاتاش خاوەنی تەنیا خاڵێکە.

گۆڵەکەی پاریس بەرامبەر بە کلەب برووج

 

Back to top button