روونکردنەوەیەک لە ئەنجوومەنی دادوەری بۆڕای گشتی بڵاو کرایەوە

 

دوای ئەوەی چەند دادوەرێک  و ئەندامانی داواکاری گشتی لە گەرمیان ، مانگرتنێکیان بە ڕاگەیاندن  کرد و نەیانهێشت کێشە ناوخۆییەکان بە یاسای ناوخۆیی چارەسەر بکرێت ، ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بە پێی پێویست روونکردنەوەیەکی لەم بارەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە وپەی وایە دەنگۆکان بێ بنەمان ،

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان

 

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌  هه‌واڵی مانگرتنی ژماره‌یه‌ك له‌ دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواكاری گشتیی له‌ دادگای ناوچه‌ی گه‌رمیان بڵاو بۆته‌وه‌. ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری به‌ پێویستمان زانی، ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ بۆ رای گشتی بڵاو بكه‌ینه‌وه‌.

 

ژماره‌یه‌ك له‌ دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی له‌ سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی كه‌ركووك – گه‌رمیان چه‌ند رۆژێكه‌ مانیان گرتووه‌، گوایه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و سه‌رۆكایه‌تی دادگای كه‌ركووك – گه‌رمیانه‌.

 

ئێمه‌ لێره‌دا راده‌گه‌یه‌نین، كه‌ ئه‌و مانگرتنه‌، په‌یوه‌ندی به‌ هیچ بابه‌تێكی تایبه‌ته‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و یاداشتنامه‌یه‌یه‌ كه‌ چه‌ند دادوه‌رێك له‌ گه‌رمیان پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریان كردبوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری به‌ نوسراوی (ژماره‌ 1/3/45 نهێنی) له‌ رێكه‌وتی 25/8/2019 داوا له‌ سه‌رپه‌رشتیاری دادوه‌ری له‌ دادگای سلێمانی و گه‌رمیان كرد،‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌دا بكات. له‌ ئه‌نجامدا سه‌رپه‌رشتیاری دادوه‌ری له‌ سلێمانی و گه‌رمیان راپۆرتێكی تێرو ته‌سه‌لی له‌سه‌ر ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری كرد، به‌ (نووسراوی ژماره‌ 1/نهێنی له‌26/9/2019) و تێیدا وته‌ی گشت دادوه‌ره‌كان و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی و چه‌ند شایه‌تحاڵێكی دیكه‌ وه‌رگیران، چونكه‌ تۆمه‌تی خراپ و ناشیاو خرابوونه‌ پاڵ سه‌رۆكی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی كه‌ركووك – گه‌رمیان و له‌ ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وت، كه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ هیچ بنه‌مایه‌كیان نیه‌ و پێیان نه‌سه‌لمێنرا. به‌ پێی راپۆرتی سه‌رپه‌رشتیاری دادگاكانی سلێمانی و كه‌ركوك – گه‌رمیانیش ئه‌و ئه‌نجامانه‌ ده‌ركه‌وت:

 

1- دروستكردنی ته‌كه‌تول له‌ دژی سه‌رۆكی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی ناوچه‌ی كه‌ركووك – گه‌رمیان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌رده‌وام په‌نایان بردووه‌ بۆ ده‌زگای حزبی و ئیداری و سه‌ردانكردنیان بۆ مه‌به‌ستی لادانی سه‌رۆكی دادگای تێهه‌لچونه‌وه‌ كه‌ دادوه‌ر (ئه‌كره‌م فه‌ره‌ج ئه‌مینه‌). بۆیه‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری به‌ كۆی ده‌نگی ئاماده‌بووان بڕیاری دا به‌:

 

په‌سه‌ندكردنی راپۆرتی سه‌ره‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتیارانی دادوه‌ری دادگاكانی سلێمانی و گه‌رمیان.

ره‌تكردنه‌وی سكاڵای چه‌ند دادوه‌رێك دژ به‌ سه‌رۆكی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی كه‌ركوك – گه‌رمیان، چونكه‌ ده‌ركه‌وت هیچ بنه‌مایه‌كی یاساییان نیه ‌و ره‌وانه‌كردنی ئه‌و چه‌ند دادوه‌ره‌ بۆ لێژنه‌ی كاروباری دادوه‌ران، له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ خستبوویانه‌ پاڵ سه‌رۆكی دادگای تێهه‌لچوونه‌وه‌ی كه‌ركووك – گه‌رمیان به‌ پێی یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.

داوا له‌ وه‌زاره‌تی داد كرا، له‌رێگه‌ی سه‌رۆكی داواكاری گشتی بۆ ناردنی چه‌ند ئه‌ندامێكی داواكاری گشتی بۆ لێژنه‌ی كاروباری ئه‌ندامانی داواكاری گشتی به‌ پێی یاسای داواكاری گشتی.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند لێدوانێك كه‌ لێره‌ و له‌وێ سه‌باره‌ت به‌ سزادانی ئه‌ندامێك له‌ ئه‌ندامه‌‌كانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڵاو بووه‌ته‌وه‌، كه‌ گوایه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌رییه‌وه‌ سزا دراوه‌، لێره‌دا رایده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و لێدوانانه‌ دوورن له‌ راستیه‌وه‌ و ته‌نیا ئه‌و كه‌سه‌ ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پابه‌ند بێت به‌ ده‌وامی فه‌رمی خۆی، چونكه‌ هه‌موو رۆژێك كاتژمێر 9:30 ئاماده‌ ده‌بێت بۆ ده‌وام و هه‌روه‌ها كه‌مته‌ر خه‌می له‌ راپه‌راندنی ئه‌ركه‌كانی له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاماده‌ نابێت له‌ به‌شداریكردن له‌ تاوتوێكردنی كێشه‌ و داواكان له‌ هه‌ردوو ده‌سته‌ی سزایی و شارستانی.

 

بۆیه‌ پێمان سه‌یره‌ كه‌ زانیاری نووسراوه‌ نهێنیه‌كان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاو ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ نووسراوه‌كه‌ به‌ نهێنی ئاراسته‌ی دادوه‌ری ناوبراو كراوه‌.

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم

Back to top button