بەشار ئەسەد هێرشی توند دەكاتە سەر پەیەدە

سەرۆكی سوریا رایدەگەیەنێت، داوام لە کوردەکان کردووە ببنەوە بەشێك لە هێزەکانی حکوومەت، بەڵام بەشێكیان پەسەندیان کردووە و هەندێکی دیکەیان رەتیدەکەنەوە
لەنوێترین چاوپێكەوتنی لەگەڵ كەناڵی ” روسیا الیوم” بەشار ئەسەد ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد رایگەیاند “ئێستا سوپاکەی ئێمە زۆر بەهێزتر بووە و بەشکردنی دەسەڵاتی لەگەڵ هەسەدە رەتکردووەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشدا، رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە لەسەر بنەمای گەڕانەوەی سەروەری تەواوی حکوومەتی سووریایە بە هەموو ناوچە کوردییەکان و دوورخستنەوەی کوردەکان لە سنوورەکان تاوەکو هێرشی تورکیا رابگیرێت، بۆیه من داوام لە کوردەکان کردووە ببنەوە بەشێک لە هێزەکانی حکوومەت، ئەمەش هەندێکیان پەسەندیان کردووە و هەندێکی دیکەیان رەتی دەکەنەوە.
سەرۆكی سوریا دەڵێت، کێشەی سەرەکیمان لەگەڵ (پەیەدە)یە کە یەکەیەکی سەربازیی بە ناوی یەپەگە دروست کردووە و پەکەکەش سەر بەوانە، زۆربەی کوردەکان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ حکوومەت هەیە و زۆربەیان پشتگیری حكوومەت دەکەن تەنها ئەوانە نەبن کە سەر بە (پەیەدە)ن، ئەوان لە لایەن ئەمەریکییەکانەوە پشتگیرییان لێ دەکرا، لەگەڵ ئەمەریکا پێکەوە نەوت دەدزن و باقاچاغی دەبەن”.