بەرپرسێكی گۆڕان هەڕەشەی تەقاندنەوەی بۆڕی گازی هەولێر و دهۆك دەكات

خواكوڕك
لەدوای ئەوەی پێشوتر دوای هەڕەشەكانی چەند بەر پرسێكی گۆڕان بۆڕیە نەوتەكانی سنوری چەمچەمالیان تەقێندرایەوە, بەرپرسێكی گۆڕان جارێكی تر هەڕەشەی راگرتنی گازی سرووشتی سنووری چەمچەماڵ بۆ هەولێر و دهۆك دەكات, لەبەرامبەریدا قائیمقامی شارۆچكەكەش دەڵێت‌، هەر كەسێك سەرپێچی بكات بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.
عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك, ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، كە هاوكات باژێروانی بزووتنەوەی گۆڕانە له چەمچەماڵ، لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبوك لە ئەكاوەنتی تایبەتی خۆی هەڕەشەی راگرتنی گازی سرووشتی سنووری چەمچەماڵ بۆ هەولێر و دهۆك دەكات.

عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك راشیگەیاندووە” ئەوەی نوسیومە رای خۆمە. ئەگەر پارتی خۆپیشاندان لە ناوچەكانی خۆی دژی گۆڕان و ئەندامانمان بەكاربهێنێت‌، سوكایەتی بە پەرلەمانتارانمان بكات، منیش لە ناوچەی شوان بەهێز قوفڵێك بە كۆمپانیای (دانا گاز)دا دەنێم و گازی سروشتی هەولێر و دهۆك رادەگرم. تەنیا رێگە بە رۆیشتنی گازی سرووشتی وێستگەی كارەبای سلێمانی دەدەم”.

لەبەرامبەر لێدوانەكانی ئەم بەر پرسەی گۆڕان تۆڕی میدیایی رووداو رای ( ئامانج محەممەد) قائیمقامی چەمچەماڵی وەرگرتووەو دەلێت:” دامەزراوە نەوتی و گازییەكان لەلایەن لیوای نەوت و غازی وەزارەتی ناوخۆوە دەپارێزرێن. “مەرجەعی ئێمە حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەر بڕیار و فەرمانێك لەوێوە دەربچێت ئێمە جێبەجێی دەكەین، ئەركی ئێمەش جێبەجێكردنی یاسا و رێنمایی سەرووی خۆمانە، كە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی وەزیرانە, رای كەسێكیش كاریگەری نییە, ئێمە سوورین لەسەر پاراستنی ئاسایش و دامەزراوە گشتی و تایبەتەكان، هەر كەسێك سەرپێچی بكات بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكەین”.

Back to top button