له‌ كه‌مپی به‌رده‌ڕه‌ش گه‌نجێكی په‌نابه‌ر ئاگر له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌رده‌دات

 

له‌ كه‌مپی به‌رده‌ڕه‌ش گه‌نجێكی په‌نابه‌ری ته‌مه‌ن پازده‌ ساڵان به‌ناوی خه‌لیل محه‌ممه‌د خه‌لیل ئاگر له‌جه‌سته‌ی خۆی به‌رده‌دات و به‌هۆی زۆری رێژه‌ی سووتانی ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی دهۆك كرا.

 

له‌مباره‌یه‌وه‌ هێمن سلێمان وته‌بێژی پۆلیسی دهۆك راگه‌یاند، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مرۆ ئاگادار كراینه‌وه‌ به‌ هه‌بوونی حاڵه‌تێكی سووتان له‌ كه‌مپی به‌رده‌ڕه‌ش و ده‌ركه‌وت گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 15 ساڵان ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌رداوه‌ و به‌هۆی زۆری رێژه‌ی سووتانی تا ئێستا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی دهۆك چاره‌سه‌ری وه‌رده‌گرێت.

 

گوته‌بێژی پۆلیسی دهۆك دووپاتی كرده‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ستی پێكردووه‌ و به‌ پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ هۆكاری ئه‌م رووداوه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌م گه‌نجه‌ تووشی دڵته‌نگی بووه‌. جێگای ئاماژه‌یه‌ كه‌مپی به‌رده‌ڕه‌ش زیاتر له‌ مانگێكه‌ به‌رووی په‌نابه‌رانی رۆژئاوای كوردستان كراوه‌ته‌وه‌ و نزیكه‌ی 11 هه‌زار په‌نابه‌ری تێدا نیشته‌جێ كراوه‌.

Back to top button