داواكاریی بارسا سه‌باره‌ت به‌ مێسی ره‌تكرایه‌وه‌

لیژنه‌ی پێشبڕكێكان له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، داواكاری یانه‌ی بارسێلۆنای ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ بۆ ره‌شكردنه‌وه‌ی كارتی زه‌ردی لیۆنێل مێسی پێشكه‌شیان كردبوو.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ یاری بارسێلۆنا و سێلتا ڤیگۆدا، ناوبژیوان كارتێكی زه‌ردی به‌ مێسی دا، یانه‌ی كه‌ته‌لۆنی داواكارییه‌كی بۆ لیژنه‌ی لیژنه‌ی پێشبڕكێكان له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا به‌رزكرده‌وه‌ و داوایكرد كاره‌ته‌كه‌ ره‌شبكرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ قسه‌ی خۆی مێسی شایه‌نی كارتی زه‌رد نه‌بووه‌، به‌ڵام لیژنه‌كه‌ ئه‌و داواكاریه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و بڕیاریدا كارته‌ زه‌رده‌كه‌ی مێسی وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌.

مێسی له‌ خوله‌كی 40ی یارییه‌كه‌دا هه‌وڵیدا تۆپ له‌ جۆلێرمۆ كوادرای یاریزانی سێلتا ڤیگۆ وه‌ربگرێت، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ یاریزانه‌كه‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و لێدانی راسته‌وخۆ بۆ سێلتا ڤیگۆ هه‌ژماركرا و كارتی زه‌ردیش به‌ مێسی درا، كه‌ یانه‌ی میوان هه‌ر به‌و لێدانه‌ش تاكه‌ گۆڵی خۆی له‌ تۆڕی بارسا تۆماركرد.

لیژنه‌ی ناوبراو رایگه‌یاند، دوای پێداچوونه‌ و لێكۆلینه‌وه‌ له‌و به‌ڵگانه‌ی بارسێلۆنا پێشكه‌شیان كردوون، بڕیارماندا كارتی زه‌ردی مێسی ره‌ش نه‌كرێته‌وه‌ و وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌، چونكه‌ مێسی له‌ یاریزانه‌كه‌ی داوه‌.

له‌ خولی ئیسپانیدا هه‌ر یاریزانێك ژماره‌ی كارته‌كانی ببێته‌ 5 كارتی زه‌رد، یاری دواتر ناتوانێت به‌شداری بكات.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش رۆژنامه‌كانی ئیسپانیا روونیانكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بارسا ده‌توانێت جارێكی دیكه‌ تانه‌ له‌و بڕیاره‌ بداته‌وه‌.

 

Back to top button