بەهۆی بڵاو بوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە میدیاكانی یەكێتی لەسەر ئامانح و لانە گۆمانەكان زیاتر بوون
میدیاكانی یەكێتی راپۆرتێكی ڤیدیۆیان بڵاو كردۆتەوە، لە راپۆرتەكەدا چەند دیمەنێكی ساتی رووداوی كوشتنی ئامانج بابانی رۆژنامەنووس و لانە محەمەدی رۆژنامەنووسیان لەگەڵ داناوە، ئەم گرتە ڤیدیۆیە كاردانەوەی زیاتری لێكەوتەوە، گومانەكانی لەسەر رووداوی كوشتنەكە زیاتر كرد”.
نووسەر و رۆژنامەنووس نیاز حاجی لەبارەی بڵاو كردنەوەی گرتە ڤیدیۆكانی ئامانج بابان و لانە محەمەد كە لە راپۆرتی میدیاكانی یەكێتی بڵاو كراوەتەوە، دەلێـ”خۆم پێشتر قەناعەتم وابوو کە رووداوی گیانلەدەستدانی ئامانج و لانە خۆکوژی بێت، بەڵام لەدوای بینینی ئەو راپۆرتە، تێروانینەکەم گۆڕا، ئێستا گومانم بۆ دروست بووە کە روداوەکە خۆکوژی نەبێت!!
هەر لەو بارەیەوە، محەمەد نووری، باوکی ئامانج بابانی رایگەیاندووە” ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە ھێزە ئەمنییەکان بڵاویان کردووەتەوە، ”ھیچ شتێکی نوێی تێدا نییە، تەنھا ئەوە نەبێت کە چەند ئۆتۆمبێلێکی جۆراوجۆر بە شەقامەکاندا دەڕۆن و دواتر فلیمەکە تەواو دەبێت، ھەروەھا ھێزەکانی پۆلیس بۆ خۆشیان باش دەزانن کە ئەو گرتە ڤیدۆییە ھیچ شتێکی تێدا نییە، ئیتر نازانم بۆچی بڵاو کراوەتەوە، جەختیشی کردەوە کە ئەوان گرتە ڤیدیۆییەکە بە گرنگ نازانن و ”لەسەر ڕووداوەکە بەڵگە و سەرەداومان لە دەزگا ئەمنییەکان دەوێت“.
هەروەها راشی گەیاندووە” ئەوەشی ڕوون کردەوە، ئامانجی کوڕی ئەو ئێوارەیەی ڕووداوەکە ڕووی داوە، لەگەڵ ھاوسەر و منداڵەکەی کاتێک چوونەتە دەرەوە، لە فامیلی مۆڵ پێداویستی بۆ منداڵەکەی کڕیوە، ”تەنانەت بەشی ساڵێک خاولی بۆ منداڵەکەی کڕیوە، ئیتر نازانم ئەو قسانە چییە بەرامبەر ئامانجی کوڕم دەکرێت؟ بۆیە ئێمە ھیچ شتێک ناڵێین و تەماشای لێکۆڵینەوەکانی ھێزەکانی پۆلیس دەکەین“.
لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا تەنها ئامانج بابان دەردەكەوێت، لەگەڵ كورەكەی كە تێیدا زۆر دڵخۆشن و بە مۆڵ و شەقامەكانی سلێمانی دا دەسوورێنەوە، ئەوەی تێبینی دەكرێت ئامانج بابان لەگەڵ كورەكەی دا كۆمەڵێك پێداویستی دەكرن پێش هاتنی لانە محەمەد كە زۆر دڵخۆش و ئاسایی دیارن.