٢٢ کۆمپانیا و کەسایەتی پێوەندیدار بە ئێران و سووریا خرانە لیستی گەمارۆکانەوە

 

وەزارەتی بازرگانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی چووارشەممە ڕایگەیاند ٢٢ کۆمپانیا و کەسایەتی خراونەتە لیستی تازەی گەمارۆکانی ئەمریکاوە .

 

بە پێی هەواڵی رۆیتەرز ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانە بەوە تاوانبار کراون دەستیان هەبوو لە دابینکردنی ئەو کەل و پەلانەی کە پێوەندییان بە دروست کردنی چەکی کۆکوژ هەیە و ڕەوانەی سووریا و ئێرانیان کردووە .

 

ئەو کەسایەتی و کۆمپانیایانەی کەوتوونەتە لیستی ڕەشی پیشەیی و ئاسایشی وەزارەتی بازرگانی ئەمریکاوە ، لەمەو بەدووا بۆ کڕینی هەر کالایەک لە کۆمپانیا ئەمریکیەکان ، پێویستیان بە ڕەزامەندی وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا دەبێت .

 

ئۆفیسی وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا لە نوێترین کاردانەوەیدا ٢٢ کۆمپانیا و کەسایەتی لە وڵاتانی ئێران ، سووریا ، بەحرێن ، تورکیا ، ئوردن ،عەممان ، لوبنان ، پاکستان ، سینیگال ، سعوودیا ، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو ، فەڕەنسا و ئیتالایای خستۆتە لیستی گەمارۆکانە کە یارمەتیدەری ئێران بوون .

Back to top button