چین: سێ رۆژە هیچ کەسێک لە ناوخۆی چین تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە

لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهانی چین سەری هەڵدا بە جیهاندا بڵاوبووەوە، لە ئێستادا چین ڤایرۆسەکەی کۆنتڕۆلکردووەو، بەجۆرێک سێ رۆژە هیچ کەسێک وەک تووش بووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە.
ئاژانسی شینخوا لە زاری بەرپرسێکی لیژنەی نیشتمانی تەندرووستی چین رایگەیاندووە: لەماوەی 72 کاژێری رابردوودا، هیچ کەسێک لەناوخۆی چین تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە بەڵام لە 24 کاژێری رابردوودا، 41 کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە هەموویان لەدەرەوەی چینەوە هاتوون.
بەتۆمارکردنی ئەو ژمارەیە، کۆی ئەوانەی کە لەدەرەوەی چین هاتوون و تووشی کۆرۆنا بوون، گەیشتونەتە 269 کەس، ئەو تووشبووانەش جگە لە پەکین، لە هەرێمی شانگهای و شەش ناوچەی دیکەی چین تۆمارکراون و بەو جۆرەش کۆی گشتی تووشبووان لە چین گەیشتوونەتە 81 هەزار و 8 کەس کە لەنێوانیاندا 3 هەزار و 255 کەس مردوون و 71 هەزار و 740 کەس چاکبوونەتەوە.
Back to top button