سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی کۆریای باشوور لە هەولێر دەکات
ڕۆژی دووشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز سینگچۆل لیم کونسوڵی گشتیی نوێی کۆریای باشوور لە هەولێر کرد.
لە دەسپێکی دیدارەکەدا کۆنسوڵی کۆریای باشوور دڵخۆشیی خۆی نیشاندا کە وەک کونسوڵی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە، پێزانینی بۆ ڕۆلی کوردستانیان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەبوو کە لە پێناو ئازادی و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش تێکۆشاون. هەروەها باسی لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری کۆریای باشوور کرد و ئامادەیی خۆی و وڵاتەکەی نیشاندا بۆ پتەوکردن و هێشتنەوەی ئەو پەیوەندیانە لە هەموو بوارەکاندا.
سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی کۆریای باشوور لە هەولێر کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها سوپاسی گەل و حکومەتی کۆریای باشوور و هێزی زەیتونی کۆریای باشوور کرد کە هاوکاریی هەرێمی کوردستانیان کردووە، و هیوای خواست پەیوەندییەکانی هەردوولا پەرەیان پێبدرێت و زیاتر پێشبخرێن.
باروودۆخی سیاسی و ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە بەگشتیی تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.