سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوایەك ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بارەی تاوانێك، کە دەرهەق بە گەلی کوردستان کراوە، داوایەک ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یادی پێنج ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە.
لە تویتەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتووە: “لە یادی پێنج ساڵەی جینۆسایکردنی ئێزدییەکان لە شنگال، یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە بوونە قوربانی دڕندەیی چەکدارانی داعش”.
نێچێرڤان بارزانی دەشڵێت: “ئێمە پشوو نادەیەن تاکو تیرۆر لەناو دەبەین و رفێندراوەکان دەگەڕێنینەوە”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، ئەو کارەساتە بە جینۆساید بناسێنێت و هەوڵیش بۆ دووبارەنەبووونەوەی کارەساتی هاوشێوە بدات.
رۆژی 3-8-2014، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی هەموو ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا، هێرشیان کردە سەر شاری شنگال و هەزارن ژن و منداڵی کوردی ئێزدییان شەهید کرد و رفاند.